ئیکۆ عێراق: زیانی هێرشەکەی کێڵگەی کۆرمۆر رۆژانە 4.15 ملیۆن دۆلارە
روانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، زیانە خەمڵێنراوەکانی وەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان، رۆژانە لە 4.15 ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێت، ئەم بڕە بەهای بەرهەمهێنانی گازی سروشتی، گازی ماڵان و چڕکراو لەخۆ دەگرێت.
روانگەی ئیکۆ عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026 راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و روونیکردەوە، کێڵگەکە پێش ئەوەی بکرێتە ئامانج، رۆژانە نزیکەی 700 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەمدەهێنا، بە نرخێکی خەمڵێنراوی 3.3 دۆلار بۆ هەر ملیۆن پێ سێجا، بەهای ئەو بەرهەمە نزیکەی 2.31 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێکدا.
هەروەها ئاشکرایکرد، کێڵگەکە رۆژانە نزیکەی 1,400 تۆن گازی شل بەرهەمدەهێنێت کە بە گازی ماڵان ناسراوە. بە نرخێکی خەمڵێنراوی 720 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 1.008 ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو روانگەیە، بەرهەمهێنانی گازی چڕکراو دەگاتە نزیکەی 22 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بە نرخێکی خەمڵێنراوی 38 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەو بڕە هاوتای 836 هەزار دۆلارە لە رۆژێکدا.
ئیکۆ عێراق روونیکردەوە، ئەم خەمڵاندنانە تێچووی وەستانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، کرێی هێڵەکانی گواستنەوە و زیانە ناڕاستەوخۆکانی دیکە ناگرێتەوە کە بەهۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دروستبوون.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ماوەی ساڵانی 2025 و 2026ـدا 12 جار هێرشی کراوەتە سەر و بۆردومان کراوە.
کۆرمۆر یەکێکە لە گرنگترین کێڵگەکانی گاز لە هەرێمی کوردستان. کۆمپانیای "پێرل پترۆلیۆم" بە بەشداریی هەردوو کۆمپانیای ئیماراتیی "دانە غاز" و "نەوتی هیلال" و هاوبەشانی دیکە، سەرپەرشتیی کارەکانی ئەو کێڵگەیە دەکات، کێڵگەکە سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا و هەر وەستانێک لە بەرهەمهێنانیدا، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سیستەمی وزەی هەرێمی کوردستان دەبێت.
کێڵگەکە کە دەکەوێتە چەمچەماڵ، شەوی یەکشەممەی رابردوو بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج، هەرچەندە زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوەکرد هێرشەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام پرۆسەی بەرهەمهێنان و ناردنی گاز بۆ وێستگەکان راگرتووە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەستانی دابینکردنی گاز لە کێڵگەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 2,500 بۆ 2,700 مێگاوات. ئەمەش بەهۆی ئەوەیە ژمارەیەک وێستگەی سەرەکیی بەرهەمهێنان پشت بەو گازە دەبەستن کە لەو کێڵگەیە بەرهەمدەهێنرێت.