ململانێیەکی توند لەنێوان عەلی زەیدی و حزبوڵڵای عێراقدا سەریهەڵداوە
بەهۆی ناکۆکی لەسەر هەژموونی گرووپە چەکدارەکان، سەرچاوە داراییەکان و رەتکردنەوەی دانانی چەک، ململانێیەکی توند لەنێوان عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حزبوڵڵای عێراق سەریهەڵداوە و سەرچاوە ئەمنییەکان هۆشداری لە ئەگەری روودانی پێکدادانی سەربازی دەدەن.
ململانێیەکی توند لەنێوان عەلی زەیدی و حزبوڵڵا سەریهەڵداوە و ئەگەری پێکدادانی سەربازی هەیە. حزبوڵڵا، کە یەکێکە لەو گرووپانەی چەکدانان رەت دەکاتەوە، خەریکە لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەبێت بە شەڕیان. ئەم ململانێیە بەهۆی ناکۆکی لەسەر هەژموونی گرووپە چەکدارەکان و تۆمەتەکانی گەندەڵی سەریهەڵداوە. لە چەند کاتژمێری رابردوودا شەڕی تۆمەت و هەڵوێستەکان لەنێوان هەردوو لادا پەرەی سەند، لە بەرامبەریشدا لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیان بە نێوەندگیری کردووە.
گرژییەکانی نێوان زەیدی و حزبوڵڵای عێراق لەسەر بنەمای تۆمەتبارکردنی یەکتر قووڵتر بوونەتەوە. پرسەکە سەرەتا بە داخستنی دەروازەی شیب دەستی پێ کرد، تا گەیشتە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کوڕی ئەبو حوسێن حەمێداوی، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، لە لایەن دادگای رەسافەوە.
عەلی زەیدی کۆمەڵێک رێکاری دیکەشی گرتەبەر و فەرمانی کرد گرێبەستەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ لەگەڵ 3 کۆمپانیای سەر بە گرووپە چەکدارەکان هەڵبوەشێنرێنەوە، هاوکات بڕیاری دا دەستەی پیشەسازیی سەربازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو نێوەندگیرانە قەدەخە بکات کە پەیوەندییان بەو گرووپانەوە هەیە؛ ئەمانە سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتی حزبوڵڵا بوون و چەند ساڵە پارە لەو رێگانەوە پەیدا دەکەن.
کوردستان24 زانیوویەتی، هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان زەیدی و حزبوڵڵای عێراق بۆ بەردەوامیی داخستنی دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە، کە پێشتر لەژێر هەژموونی ئەو گرووپە چەکدارەدا بوو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی یاسای کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو چەکانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدان؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ حزبوڵڵای عێراق لێکدرایەوە کە رادەستکردنی چەکەکانی رەت کردووەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای پەرەسەندنی گرژییەکان ئاماژەکان بەرەو ئەگەری روودانی پێکدادانی چەکداری لەنێوان زەیدی و کەتائیبی حزبوڵڵای سەر بە ئێران دەچن. مەزەندەی فەرماندە سەربازییەکان و راپۆرتە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن ئەگەری پێکدادان لە هەوڵەکانی زەیدییەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا.
زەیدی فەرمانی بە دەستەی پیشەسازیی سەربازی کردووە راستەوخۆ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکاندا بکات و کۆمپانیا نێوەندگیرەکان دوور بخاتەوە. هاوکات لە 4ـی تشرینی دووەمدا، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی ئەو گرێبەستە حکوومییانە دەستپێکرد کە گومانیان لێ دەکرێت پارە بۆ گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان دابین بکەن.
سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی بەرامبەر مامەڵەی زەیدی لەگەڵ حزبوڵڵا دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا و نیگەرانیی جددی لە ئەگەری روودانی پێکدادانی چەکداری دروست بووە. لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵێکی نێوەندگیری هەبووە، بەڵام عەلی زەیدی لەگەڵیدا نەبووە.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، سەرۆکوەزیران واژۆکردنی رێککەوتنێکی نووسراوی لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و حزبوڵڵادا رەتکردووەتەوە بەوەی چەک دابنێن و لە بەرامبەردا پۆستیان لە حکوومەت پێ بدرێت.