تێسلا بەرهەمهێنانی سایبەرترەک رادەگرێت

ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا رایدەگەیەنێت، دوای نزیکەی 8 مانگی دیکە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی سایبەرترەک رادەگرن؛ جەختیش دەکاتەوە کە دەیانەوێت شوێن و سەرچاوەکانی کارگەکە بۆ دروستکردنی تەکسییە بێشۆفێرەکانی "سایبەرکاب" بەکاربهێنن.

مەسک لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، تێسلا لە ماوەی نزیکەی 8 مانگی دیکەدا بەرهەمهێنانی سایبەرترەک رادەگرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیاکە هەوڵ دەدات تا ئەو کاتە زۆرترین ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە دروست بکات، هەرچەندە تێسلا «ناچار دەبێت پارەی پێشەکی بۆ زۆرێک لە خەڵک بگەڕێنێتەوە.»

مەسک جەختی لەوە کردەوە کە سایبەرترەک بێ قازانج نەبووە، بەڵکو تێسلا بەرهەمهێنانی رادەگرێت چونکە "تێچووی دەرفەت و ئاڵۆزیی سایبەرترەک، بە شێوەیەکی زۆر گەورە لە بەرامبەر بەهای زیادکردنی بەرهەمهێنانی سایبەرکابدا کەمترە."

بە واتایەکی دیکە، مەسک پێی وایە تێسلا دەتوانێت پارەیەکی زیاتر بەدەستبهێنێت ئەگەر بۆشایی کارگە و سەرچاوە تەرخانکراوەکانی سایبەرترەک بۆ دروستکردنی تەکسییە رۆبۆتییەکانی سایبەرکاب بەکاربهێنێت. مەسک هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، تێسلا پلانی هەیە بۆشایی کارگەکە بۆ دروستکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە سایبەرکابی دوو کورسی بەکاربهێنێت.

یەکەمین کاروانی سایبەرترەک لە کۆتایی ساڵی 2023ـدا رادەستی کڕیاران کرا، لە کاتێکدا وا دەردەکەوت کە ببێتە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ کۆمپانیاکە. بە گوتەی مەسک، داواکاریی پێشوەختە (Reservation) بۆ ئەو ئۆتۆمبێلە گەیشتبووە 1 ملیۆن دانە، هەروەها پێشبینی کردبوو کۆمپانیاکە ساڵانە نزیکەی 250,000 دانە لەو ئۆتۆمبێلە بفرۆشێت.

بەڵام ئەو داواکارییە پێشوەختانە هەرگیز نەبوونە فرۆشی راستەقینە. تێسلا ئاماری فرۆشی سایبەرترەک بە جیا بڵاوناکاتەوە، بەڵام شارەزایانی پیشەسازی مەزندە دەکەن لەوەتەی یەکەم رادەستکردن لە تشرینی دووەمی 2023 دەستی پێکردووە، بە گشتی نزیکەی 71,000 سایبەرترەک فرۆشراون.

بەشێکی زۆری ئەو فرۆشانەش لە ناوەوەی کۆمپانیاکانی دیکەی سەر بە مەسکەوە بووە. بۆ نموونە، کۆمپانیای سپەیس ئێکس (کە ئێستا بە SpaceXSI ناسراوە) و مەسک سەرۆکایەتی دەکات و گەورەترین خاوەن پشکیەتی، لە ساڵی 2025ـدا بە بەهای 131 ملیۆن دۆلار سایبەرترەکی لە تێسلا کڕیوە، ئەمەش بەپێی بەڵگەنامەی تۆمارکردنی S-1ـی کۆمپانیاکە پێش خستنەبازاڕی پشکەکانی. هەروەها کۆمپانیایەکی دیکەی مەسک بە ناوی xAI، پێش ئەوەی لەگەڵ سپەیس ئێکس یەکبگرێت، بە بەهای 430 ملیۆن دۆلار پاترییەکانی «تێسلا مێگاپاک»ـی بۆ سەنتەرەکانی داتاکانی کڕیبوو.