رزگار سەعید بە کتێبێکی نوێ پەنجەرەیەک لە مێژووی هونەری جیهان دەکاتەوە

رزگار سەعید، نووسەر و لێکۆڵەری کورد، نوێترین کتێبی خۆی بەناوی "هونەر ساڵ بە ساڵ"، بە مەبەستی ناساندنی مێژووی هونەری جیهان و بزووتنەوە هونەرییە جیاوازەکان، بە شێوەیەکی رێکخراو و بینراو، لەلایەن ناوەندی حەوت رەنگە چاپکراوە، بڵاوکردەوە.

سێشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2026، رزگار سەعید، نووسەر و لێکۆڵەری کورد بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەم کتێبەم گەشتێکی مەعریفی و مێژووییە بەناو سەردەمە جیاوازەکانی داهێنانی مرۆڤدا، لە رێگەی تابلۆ، پەیکەر و بەرهەمە دیکۆراتییەکانەوە، گۆڕانکارییەکانی هونەر و شێوازی دەربڕینی مرۆڤ لە قۆناخە جیاوازەکانی مێژوودا دەخاتە ڕوو."

رزگار سەعید سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکە گوتی، "ناوەڕۆکی کتێبەکە بە پێی ساڵ و سەردەم رێکخراوە و خوێنەر دەباتە ناو جیهانی بزووتنەوە هونەرییە گرنگەکان، لەوانە رێنیسانس، نیوکلاسیکیزم، ئیمپرێشنیزم، سوریالیزم و پۆپ ئارت. هەر یەکێک لەم قۆناخانەش لە رێگەی بەرهەمە دیار و نوێنەرەکانییەوە دەخرێتە بەرباس، بۆ ئەوەی خوێنەر لە نزیکەوە لەگەڵ تایبەتمەندییە هونەری و ئیستاتیکییەکانیان ئاشنا ببێت."

ئەو نووسەرە باسی لەوەش کرد، "لە دەستپێکی کتێبەکەم دا، هونەر وەک زمانێکی گشتگیر و زیندوو دەناسێنم؛ زمانێک کە سنووری کات و شوێن دەبڕێت و بە رەنگ و فۆرم چیرۆکی مرۆڤایەتی و سەردەمەکانی دەگێڕێتەوە. لەو روانگەیەوە، خوێنەر لە رێگەی لاپەڕەکانییەوە لەگەڵ هونەری شارستانییەتە کۆنەکان، وەک میسر، مایا، فینیقیا و ئیمپراتۆرییەتی رۆما، هەروەها هونەری سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی زێڕینی ئیسلام و رێنیسانس ئاشنا دەبێت."

رزگار سەعید باس لە بەشەکانی دیکەی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت، "لە بەشەکانی دیکەی کتێبەکەم دا، گۆڕانکارییەکانی هونەر لە سەردەمی مۆدێرن و هاوچەرخدا دەخەمە ڕوو؛ بە جۆرێک  تەنیا بەرهەمە کلاسیکییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو بابەتەکانی ژیانی رۆژانە، گەمەی منداڵان، پۆرترێت، هونەری ئەبستراکت، مینیاتۆر و پەیامە ژینگەییەکانیش لەخۆدەگرێت."

سەبارەت بە ئامانجی سەرەکی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی، رزگار سەعید روونیکردەوە، "ئامانجی سەرەکیی ئەم بەرهەمەم، جگە لە پێشکەشکردنی چێژێکی بینراو، بەرزکردنەوەی زانیاری و تێگەیشتنی خوێنەرە لە مێژووی هونەر و ئەو کاریگەرییانەی کە کولتوور و سەردەمە جیاوازەکان لەسەر داهێنان و شێوازی دەربڕینی هونەرمەندان هەیانبووە."

رزگار سەعید نووسەر و لێکۆڵەرێکی کوردە، چەندین وتار و بابەتی فیکری و رەخنەیی نووسیوە. ناوبراو وەک نووسەر و لێکۆڵەرێک خاوەنی چەندین بەرهەمی چاپکراوە لە بواری فیکری و ئەدەبیدا کە تێیدا تاوتوێی لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و عەقڵانییەت دەکات.