فوئاد حوسێن: پێویستە رێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوت هەمەجۆر بکرێن

وەزیری دەرەوەی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە نۆیەمین خولی کۆڕبەندی ئاشتیی پاریسدا، سەرنجی خستە سەر لێکەوتە مەترسیدارەکانی داخستنی گەرووی هورمز لەسەر ئاسایشی وزەی جیهان و ئەو ئاستەنگانەی بەهۆی جەنگەوە رووبەڕووی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بوونەتەوە.

سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا کە بە بەشداریی بەرفراوانی سەرۆکی وڵاتان، سەرۆکوەزیران و وەزیرانی دەرەوەی جیهان لە فەرەنسا بەڕێوە دەچێت، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەشداریی لە وۆرکشۆپێکی تایبەتدا کرد لەژێر ناونیشانی "لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمز و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهان".

لە دانیشتنەکەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووەکە کرد لەسەر هێڵی دابینکردنی نەوت، گاز و کانزا سەرەکییەکان بۆ بازاڕەکانی جیهان، هاوکات سەرنجی خستە سەر ئەو ئاڵنگارییە قورسانەی بەهۆی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەی گەرووی هورمز رووبەڕووی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق و بزووتنەوەی بازرگانیی نێودەوڵەتی بوونەتەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە گرنگیی بەکارهێنانی بژاردە و رێگەچارە جێگرەوەکان کردەوە بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە هەمەجۆرکردنی رێڕەوەکانی هەناردەکردن و فراوانکردنی تۆڕی بۆرییە نەوتییەکان لە رێگەی وڵاتانی دیکەوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانە ناوچەییەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی وزە.

لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکانیدا لە پاریس، فوئاد حوسێن بەشداریی لە کارەکانی لووتکەی راگەیاندنی منداڵی و مافەکانی منداڵ کرد کە بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتان بەڕێوە چوو.

هەروەها وەزیری دەرەوەی عێراق بەشداریی لە خوانی ئێوارەی کۆشکی ئەلیزێ کرد، کە لەلایەن سەرۆکی فەرەنساوە بۆ رێزلێنان لە سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەتەکان و وەزیرانی دەرەوەی بەشداربوو لە کۆڕبەندی ئاشتیی پاریس رێکخرابوو.