بەریتانیا سەربازێکی ئەمریکی بە تۆمەتی سیخوری بۆ رووسیا دەستگیر دەکات
دەسەڵاتدارانی بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایانگەیاند، سەربازێکی پلەباڵای سوپای ئەمەریکا لە خاکی بەریتانیا بە تۆمەتی سیخوڕی و پێدانی زانیاریی نهێنی و پارێزراو بە رووسیا دەستگیر کراوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی فەرمیی پۆلیسی لەندەن، ئەو سەربازە ئەمەریکییە تەمەنی 41 ساڵە و ناوی ئاشکرا نەکراوە، رۆژی سێشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2026 لە نزیک ناوچەی گڵۆستەر لە رۆژئاوای ئینگلتەرا دەستگیر کراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکردنی یاسای ئاسایشی نیشتمانیی ساڵی 2023ی بەریتانیا، بەتایبەت لەسەر بڕگەکانی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە پارێزراوەکان و هاوکاریکردنی دەزگای هەواڵگریی بیانی.
کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی بڵاوی کردەوە، ئەو سەربازە لە سەربازگەی "ئیمجین" لە نزیک ئینسۆرس جێگیر بووە، کە بارەگای سەرەکیی فەیلەقی کاردانەوەی خێرای هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە.
پۆلیسی میترۆپۆلیتانی بەریتانیا ئاشکرای کرد کە تیمەکانی دژەتیرۆر بە هەماهەنگییەکی زۆر نزیک لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و یەکەی دژەهەواڵگریی سوپای ئەمەریکا ئەم ئۆپەراسیۆنەیان ئەنجام داوە و رووسیا ئەو وڵاتەیە کە تۆمەتەکانی سیخوڕیکردنەکەی پێوە بەستراوەتەوە.
کاش پاتێل، بەڕێوەبەری FBI لەبارەی دەستگیرکردنەکەوە رایگەیاند: ئەم دەستگیرکردنە گرنگە پەیوەستە بە تۆمەتی مەترسیداری سیخوڕییەوە، کە جێگەی نیگەرانیی قووڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمانە. دەمەوێت پەیامێکی روون بنێرم، کە FBI بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەو کەسانە ناکات کە سوێندی سەربازیی خۆیان پێشێل دەکەن و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەمان و هاوبەشەکانمان دەخەنە مەترسییەوە.
هاوکات ڤیکی ئیڤانز، بەرپرسی باڵای هەماهەنگی لە دژەتیرۆری بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە کە تۆمەتەکان زۆر جددین و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی بەردەوامن، دەستگیرکردنەکەش بەڵگەی بەهێزیی هاوبەشیی ئەمنی و هەواڵگریی نێوان لەندەن و واشنتنە.
بریگادیر جەنەراڵ شۆن ستینچۆن، فەرماندەی دژەهەواڵگریی سوپای ئەمەریکاش ئاماژەی بەوە کرد، ئەم رووداوە بیرخەرەوەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی کە هەڕەشە ناوخۆییەکان لەنێو دامەزراوە هەستیارەکاندا راستەقینەن و بەردەوامن.
ئێستا ئەو سەربازە ئەمەریکییە لە بنکەیەکی پۆلیس لە شاری لەندەن لەژێر لێکۆڵینەوەی چڕدایە، و پۆلیسی بەریتانیاش پشکنینی بۆ دوو شوێنی جیاواز لە ناوچەی گڵۆستەرشێر دەست پێکردووە.