راپرسییەک: زۆرینەی ئەمەریکییەکان داوای کۆتایی پێهێنانی جەنگ دەکەن
بە گوێرەی ئەنجامی راپرسییەکی نوێی هاوبەشی نێوان ئاژانسی رۆیتەرز و پەیمانگەی ئیپسۆس، زۆرینەی هاووڵاتییانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوا لە کۆنگرێسی نوێی وڵاتەکەیان دەکەن، کە زۆرینەی کورسییەکانی لە دەستی دیموکراتەکاندایە، هەنگاوی خێرا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی دژ بە ئێران و هەڵوەشاندنەوەی پێناسە گومرگییەکانی دۆناڵد ترەمپ بگرێتەبەر، بە مەبەستی رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری تێچووی بژێوی ژیان.
راپرسییەکە، کە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو، دەریخستووە کە 71%ـی ئەمەریکییەکان لە نێویاندا 93%ـی دەنگدەرانی دیموکراتەکان و 51%ـی کۆمارییەکان پشتیوانی لەوە دەکەن کۆنگرێس یاسایەک بۆ راگرتن و کۆتاییهێنان بە ململانێ و جەنگی ئێران دەربکات؛ ئەو جەنگەی لە مانگی شوباتی رابردووەوە لەلایەن ترەمپ و ئیسرائیلەوە دەستی پێکردووە.
هەروەها 62%ی بەشداربووان داوایان کردووە ئەو پێناسە گومرگی و باجانەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ خستوویەتییە سەر کەلوپەلە هاوردەکراوەکان هەڵبوەشێنرێتەوە. جەنگی ئێران و سەپاندنی باجی نوێ بەسەر هاوردەکردندا، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی توندی نرخی سووتەمەنی و تەشەنەسەندنی هەڵاوسان، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر شانی هاووڵاتییان دروست کردووە، هەرچەندە ترەمپ جەنگەکەی بە پاراستنی ئاسایش لە دژی چەکی ئەتۆمیی ئێران و باجەکانیشی بە پاڵپشتی لە پیشەسازیی ناوخۆیی ناوزەد کردووە.
لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدا، دیموکراتەکان توانییان گەورەترین زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران لە دوای ساڵی 2008ـەوە بەدەستبهێننەوە، کە بڕیارە لە 3ـی کانوونی دووەمی ساڵی نوێدا دەستبەکار بن.
ئەنجامی راپرسییەکە دەریخستووە لە هەر 10 ئەمەریکی 9 کەسیان (90%) پێیان وایە دەبێت لە 100 رۆژی یەکەمی کاری کۆنگرێسی نوێدا، کێشەی گرانیی بژێوی ژیان بخرێتە پێشەنگی کارەکانەوە، لە پێش پرسەکانی وەک چاودێریی زیرەکیی دەستکرد، یاساکانی کۆچبەران و گۆڕانی کەشوهەوا.
سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی کۆنگرێس لەلایەن دیموکراتەکانەوە بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە دۆناڵد ترەمپ، رای شەقامی ئەمەریکی بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە؛ 42%ی بەشداربووان پێیان وایە هەر هەوڵێک بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆک زیان بە وڵات دەگەیەنێت، لە بەرامبەردا 33% بە باشی دەزانن، بەشەکەی دیکەش بێلایەن بوون.
هاوکات راپرسییەکە ئاماژەی بە دابەزینی ئاستی جەماوەریی دۆناڵد ترەمپ کردووە بۆ 32%، کە یەکێکە لە نزمترین ئاستەکان لە مێژووی کاری سیاسیدا. لە هەمان کاتدا پێگەی حزبی دیموکراتیش رووبەڕووی ناڕەزایەتی بووەتەوە، بەجۆرێک تەنیا 45%ی ئەمەریکییەکان بە ئەرێنی لە دیموکراتەکان دەڕوانن و لە بەرامبەردا 35% بۆچوونی ئەرێنییان بەرامبەر پارتی کۆماری هەیە.