دەستەی دەستپاکی: 10 بەرپرس و کارمەندی کۆمپانیایەک لە میسان دەستگیر کران

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی، بەڕێوەبەری پڕۆژەیەکی تایبەت بە شوشتنی بەرمیل و حاویە پیسبووەکانی لە پارێزگای میسان بە تۆمەتی پێشێلکاریی یاسایی دەستگیر کرد.

ئەمرۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی رایگەیاند، تیمێکی لێکۆڵینەوەی نووسینگەی میسان ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری پڕۆژەیەکی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت جێبەجێکردووە. ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گرێبەستی هەبووە و سەرەڕای بەڕێوەبەرەکە، هەشت کارمەندی دیکەی کۆمپانیاکەیان دەستگیر کردووە.

دەستەی دەستپاکی رایگەیاندووە، لە لێکۆڵینەوەکانئشکرا کراوە کۆمپانیاکە لە بواری بازرگانی، بەڵێندەرایەتی گشتی، خزمەتگوزاریی نەوتی و چارەسەرکردنی پاشماوە کیمیاییەکان کار دەکات. ئەوان لە چوارچێوەی گرێبەستێکیان لەگەڵ سەنتەری پاشماوە بایۆلۆجی و جەنگییەکان، ئەرکی جێبەجێکردنی پڕۆژەی سیستمی شوشتنی بەرمیل و حاویە پیسبووەکانیان لە قەزای قەڵای ساڵح لە ئەستۆ بووە.

پشکنینەکان پێشێلکاریی کارگێڕی و یاساییان لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا ئاشکرا کردووە. ئەو پڕۆژەیە بەهۆی ئەوەی لە پۆلێنی تیشکدەری پلەی (A) دایە، مەترسییەکی زۆری هەیە.

سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکە مۆڵەتی وەزارەتی ژینگەی بۆ دروستکردنی سیستمی چارەسەرکردنی پاشماوە شلەکانی ترش، تفت، ئایۆنیی نا-ئەندامی و سیستمی سوتێنەری پاشماوە مەترسیدارەکان وەرگرتووە، بەڵام مۆڵەتی فەرمیی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک قایمقامیەتی قەزای کحلاء، بەرگریی شارستانی، وێستگەی غازیی کحلاء، لێژنەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پیشەسازی لە ئەنجوومەنی پارێزگای میسان و دەستەی وەبەرهێنانی میسان نەهێناوە.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە زەویی پڕۆژەکە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای کحلاءیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە لەو قەزایە، سند و تاپۆی زەوییەکە بە ناوی قەزای قەڵای سالحەوە تۆمار کراوە.

دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بڕیاریدا تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی (340) لە یاسای سزادان رابگیرێن تا رێکارە یاساییەکان تەواو دەبن و بڕیاری گونجاو لە بەرامبەریاندا دەردەکرێت.

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی جەختیدەکاتەوە کە ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی رۆڵی چاودێرییان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە مەترسییە تەندروستییەکان دێت. بەدواداچوونی ئەم جۆرە پڕۆژانە هاوکاری کەمکردنەوەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، پاراستنی کۆئەندامی هەناسەدان و پێست، دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و هەمەجۆریی ژینگەی ئاوی دەکات.