لە هەڵەبجە 718 پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی دابەش دەکرێن

لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر و خانەنشین و زیندانیانی سیاسی، زیاتر لە 700 پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی لە پارێزگای هەڵەبجە دابەش دەکرێن.

لەوبارەیەوە ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە کوردستان24 ـی راگەیاند، پرۆسەی وردبینی لە ناوەکانی زیندانیانی سیاسی لە قۆناخی کۆتایی دایە و نەخشەسازی زەوییەکان ئامادەکراوە و کێشەی کوژاندنەوەی زەوییەکان چارەسەر کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو زیندانیە سیاسییانە ژمارەیان 718 کەس و لە ساڵی 2018 ـەوە فەرمانی پێدانی زەوییان بۆ دەرچووە و تاوەکو ئێستا زەوییان پێنەدراوە، ئێستا دەیانەوێت هاوشێوەی فەرمانبەران زەوییان بەسەردا دابەش بکەن.

گوتیشی، هەر زیندانییەکی سیاسی ئەگەر کارتی نیشتمانی سنووری هەڵەبجە بێت دەتوانێت لە پرۆسەکە سوودمەند بێت، بەڵام ئەگەر لە شوێنی دیکە زەوی وەرگرتبوو ئەمجارە زەوی پێنادرێت.

بە گوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 44 هەزار و 300 زیندانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەن و بەشێکییان دۆسییەکانیان بە تەواوی یەکلایی بووەتەوە و بەشێکی دیکەیان هێشتا دۆسیەکانیان بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە.