وردەکاری کوژرانی ئەحمەد عەلوانی ئاشکرا دەکرێت
نووسینگەی راگەیاندنی ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق، زنجیرەی کاتیی گەیشتنی عەلوانی بۆ بەیرووت و وردەکاریی پەیوەست بە کوژرانی ئاشکرا دەکات.
دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە تەرمی ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق، لەناو شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دۆزرایەوە، نووسینگەی راگەیاندنی عەلوانی لە راگەیەندراوێکدا زانیارییە سەرەتاییەکانی خستەڕوو و ئاشکرای دەکات، عەلوانی پێنجشەممەی رابردوو 5ـی تشرینی دووەم، لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێرەوە بەرەو بەیرووت بەڕێکەوتووە و کاتژمێر 4:41 خولەکی ئێوارە بە کاتی بەیرووت گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری.
نووسینگەی پەرلەماتارەکەی پێشوو روونیکردەوە، بەپێی تۆماری کامێراکانی چاودێری کە دەست نووسینگەکە کەوتوون، کاتژمێر 4:55 خولەک، واتە تەنها 14 خولەک دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە، چەند کەسێک شوقەکەیان جێهێشتووە و ئەمەش گومانی ئەوە دروست دەکات کە پێشوەختە زانیارییان لەسەر کاتی گەیشتنی هەبووبێت.
مەزەندە دەکرێت عەلوانی نزیکەی کاتژمێر 5:15 خولەک فڕۆکەخانەی جێهێشتبێت کە تەنها 6 کیلۆمەتر لە شوقەکەوە دوورە و دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیشی لەگەڵ نووسینگەکەی کاتژمێر 9:05 خولەکی شەو بووە و بۆ ماوەی دوو خولەک و نیو قسەی کردووە، کە تێیدا تەنها هەواڵی گەیشتنی بۆ بەیرووت و چوونی بۆ شوێنی نیشتەجێبوونەکەی پێ راگەیاندوون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، زانیارییە سەرەتاییەکان دەریدەخەن گومانلێکراوان نزیکەی کاتژمێر 11:00ی شەو گەڕاونەتەوە ناو باڵەخانەکە و لە کاتژمێر 11:57خولەکی شەو باڵەخانەکەیان جێهێشتووە، بەڵام دیاریکردنی کاتی وردی تاوانەکە لە دەسەڵاتی پزیشکی دادوەری و لێکۆڵینەوەی تاواندایە. هاوکات نووسینگەکە سەرجەم ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە بە ناوی ئەوانەوە بڵاوکراونەتەوە و جەختیکردەوە، ئەحمەد عەلوانی لە رۆژی گەیشتنیدا سەردانی هیچ هۆتێلێکی نەکردووە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، نووسینگەی ئەحمەد عەلوانی داوا لە دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی لوبنان دەکات ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە لە کامێراکاندا دەرکەوتوون و پێداچوونەوە بە کامێراکانی فڕۆکەخانە و رێگاکانی دەوروبەردا بکەن بۆ زانینی چۆنیەتیی گواستنەوەی و هەر پەیوەندییەکی پێشوەختە. هەروەها داوا لە حکوومەتی عێراق، وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیرووت دەکات بە وردی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە بکەن و هەماهەنگیی راستەوخۆیان لەگەڵ لایەنە لوبنانییەکان هەبێت بۆ ئاشکراکردنی سەرجەم تێوەگلاوانی تاوانەکە.
ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق لە پێکهاتەی سوننەیە و خەڵکی شاری رومادییە لە پارێزگای ئەنبار، هاوکات وەک یەکێک لە کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە دیارەکانی هۆزی ئەلبوعەلوان لە عێراقدا دەناسرێت و بەردەوام رەخنەی لە حکوومەتی عێراق و گرووپە شیعەکان دەگرت.
ئەحمەد عەلوانی، ساڵی 2013 بەهۆی خۆپیشاندانەکانی رومادی، دەستگیرکرا و دوای 13 ساڵ ماوەیەک پێش ئێستا ئازاد کرا، لە دواین چاوپێکەوتنیشی لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە رەخنەی تووندی لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق گرت و رایگەیاند ئێران عێراقی کردووەتە گۆرەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی