مووسا ئەحمەد: ئەمڕۆ هاوکاریی 300 خێزانی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی هەولێر دەکەین
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە چالاکی و هەڵمەتەکانی فریاگوزاریی دەزگاکەی بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی هەولێر خستەڕوو.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی روونیکردەوە، 15 تیمیان لە یەکەم ساتەوەختی روودانی لافاوەکەوە، بە هاوکاری لەگەڵ تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە کارەکانیان کردووە و زیاتر لە 1447 شوێنیان تۆمارکردووە کە زەرەرمەند ببوون.
مووسا ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، لەم قۆناخەدا، هاوکاریی پێشکەشکی 541 خێزانی زەرەرمەندی شاری هەولێر دەکرێت؛ ئەمڕۆ هاوکارییەکان دەگەیەنرێنە 300 خێزانی هەردوو گەڕەکی سێبەردان و شێخ ئەحمەد و لە چەند رۆژی داهاتووش، 241 خێزانی دیکە هاوکاریی دەکرێن.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی لەوەش کرد، 100 لیتر نەوت بۆ هەر خێزانێکی زەرەرمەند دەدرێت و هەوڵدەدرێت ئەم هاوکارییە پێش هاتنی سەرمای زستان بگاتە دەستی لێقەوماوان. هەروەها، بۆ هەر خێزانێک بڕی دوو فەرش و بەتانی و دۆشەک و پێداویستیی دیکەی وەک خۆراک، سوپا و شیری منداڵان دابین دەکرێت.
شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە رۆژی پێنجشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2026ەوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و شەوی شەممە، 7ی تشرینی دووەم گەیشتە لووتکە. بارینی بڕێکی یەکجار زۆری باران لە ماوەیەکی کورتدا بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەندین گەڕەک و شەقامی شاری هەولێر و ئاستەنگیی زۆری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست کرد.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی لافاوەکەوە دوو کەس لە شاری هەولێر گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان مستەفای تەمەن پێنج ساڵان بوو، ئەوەی دیکەشیان گەنجێکی خۆبەخشی تەمەن 25 ساڵ بوو لە کاتی رزگارکردنی خەڵکدا خنکا.