کۆگایەکی جلوبەرگ لە بازاڕی داونتاونی هەولێر سووتا و سێ کەس برینداربوون

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاگرێک لە یەکێک لە کۆگاکانی بازاڕی داونتاون کەوتەوە و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون. تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانییان بە خێرایی کۆنترۆڵ بکەن.

شایەدحاڵێک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو شوێنەی ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە کۆگای جلوبەرگە و ئاگرەکە بە ئاسانی لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کراوە. ئەو شایەدحاڵە گوتیشی، زۆربەی کۆگاکانی ئەو ناوچەیە تایبەتن بە هەڵگرتنی جلوبەرگ و پێڵاو.

شایەدحاڵێکی دیکە روونیکردەوە، لەبەر نەبوونی کارەبای نیشتمانی، دووکاندارەکان مۆلیدەی کارەبایان بەکارهێناوە و بەهۆی شۆرتی کارەباوە لە مۆلیدەیەکیاندا ئاگرەکە کەوتووەتەوە و کۆگاکە بەتەواوی سووتاوە. سەبارەت بە بریندارەکان، ئەو شایەدحاڵە گوتی، سێ کەس برینداربوون و دۆخی تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی پزیشکی و هەناسەی دەستکرددایە.

ئاماژەی بەوەش دا، ئاگرەکە بەرفراوان بوو، بەڵام توانیمان لە ماوەی 20 خولەکدا کۆتایی بە ئاگرەکە بهێنین.

لەلایەکی دیکەوە، خاوەن دووکانێک باسی لەوەکرد، لەدوای روودانی لافاوەوە کارەبایان نییە و هەر دووکاندارێک بە ناچاری مۆلیدەیەکی هێناوە. ئەو خاوەن دووکانە جەختیکردەوە، کۆمپانیای خاوەن بازاڕەکە هیچ هاوکارییەکی نەکردوون و سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی شوێنەکەش بەهۆی نەبوونی ئاو، کار ناکات.

سەرەڕای ئەوەی ئاگرەکە زیانی ماددی زۆری بەو کۆگایانە گەیاندووە، بەڵام بەهۆی هەوڵی تیمەکانەوە رێگری لە تەشەنەکردنی ئاگرەکە بۆ شوێنەکانی دیکە گیراوە.