نێچیرڤان بارزانی: دەبێت مافی کورد لە دەستووری سووریادا بچەسپێنرێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی کۆماری سووریا کۆبووەوە، هەردوولا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری سووریادا تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا و لە پەراوێزی لوتکەی کەشوهەوادا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران و جەخت لەسەر پەرەپێدان و فراوانکردنی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگیی دوولایەنە کرایەوە لە بوارە جیاوازەکاندا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و گەشەپێدانی ناوچەکە بکات.

سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزییە هەرێمییەکان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پەنابردن بۆ دیالۆگ و چارەی ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی قەیرانەکان.

دۆخی کورد لە سووریا تەوەرێکی دیکەی گرنگی دیدارەکە بوو، کە تیایدا نێچیرڤان بارزانی پێداگریی لەسەر پاراستنی مافە رەواکانی گەلی کورد و چەسپاندن و دەستەبەرکردنیان لە دەستووری نوێی سووریادا کردەوە. 

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیواخوازیی خۆی دەربڕی کە ئەحمەد شەرع لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی بەغدا و هەولێر بکات، هاوکات تاوتوێکردنی چەندین پرسی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش کۆتایی بە دیدارەکە هێنا.