عەلی باباجان: دەبێت هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان

سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا، لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24ـدا ئاشکرای کرد، پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە تەنیا هەنگاوی یەکەمە و نابێت بەس بێت، بەڵکو دەبێت دەستبەجێ قۆناخی دووەم کە پێدانی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی گەلی کوردە لە تورکیا دەستپێبکات بەبێ ئەوەی بکرێتە مامەڵەی سیاسی؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە کورد پێکهاتەی بنەڕەتیی وڵاتەکەیانە و ئەمڕۆ شارە گەورەکانی وەک ئیستانبووڵ بووەتە مەڵبەندی چڕی دانیشتووانی کورد، بۆیە سەقامگیری لە رێگەی دەستەبەرکردنی کەرامەت و مافی مرۆڤەوە دەستەبەر دەبێت.

ژینۆ محەمەد: ئەم کاتەتان باش، بەڕێزان. دەمانەوێت بزانین، تورکیا وەک وڵاتێکی هەرێمیی گەورە چۆن لە دۆخی ناوچەکە دەڕوانێت، مەبەستم ئێستایە، پرۆسەی ئاشتی لە چ قۆناخێکدایە؟ تورکیا چۆن سەیری پرۆسەی ئاشتی دەکات؟ پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم چۆنە؟ مەبەستمە لەسەر دۆخی سەرکردەکانی پەکەکەش پرسیار بکەم، چونکە میوانەکەم دەتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، ئەویش بەڕێز عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا (دەڤا)یە. سوپاس کە لە هەرێمی کوردستان میوانداریی ئێمەت قبووڵ کرد، بەڕێز باباجان، بەخێر بێیت بۆ کوردستان. خۆشحاڵم کە پێکەوە گفتوگۆ دەکەین. با بەوە دەست پێ بکەین بزانین لەم سەردانەتدا بۆ هەرێمی کوردستان هەستت بە چ گۆڕانکارییەک کرد؟

عەلی باباجان: لەو کاتەوەی گەیشتمە هەولێر، بە راستی بە میواندۆستییەکی زۆر گەرمەوە پێشوازیم لێ کرا. بە تایبەتی لە رێگەی کەناڵەکەتانەوە، بۆ هەموو ئەو خانەخوێیانەی بە جوانترین و گەرمترین شێوە پێشوازییان لێ کردین، دەمەوێت سوپاسیان بکەم. بەڕاستی هەولێر زۆر خێرا گەشەی کردووە و شارێکە زۆر بە خێرایی مۆدێرن بووە. بەشی ناوەڕاستی شارەکە پارێزراوە، کە ئەمە زۆر زۆر گرنگە، بەڵام لە دەوروبەری شارەکەشدا بینینی وەبەرهێنانی نوێ، خانووی نوێ، مۆڵی نوێ دروستکراوە و زیندووە، ئەمە زۆر دڵخۆشی کردم.

ژینۆ محەمەد: بە هیوام کاتێکی خۆش لە کوردستان بەسەر ببەن. لەم سەردانەتاندا کۆبوونەوەیەکی باشتان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کرد، باسی چیتان کرد؟

عەلی باباجان: دوێنێ لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز مەسرور بارزانی کۆبوونەوەم کرد. کۆبوونەوەکانمان لە کەشێکی زۆر دۆستانە و ئەرێنیدا بەڕێوەچوون. پەیوەندیی دووقۆڵیمان لەگەڵ تورکیا هەڵسەنگاند، دەبینین پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان بە خۆشحاڵییەوە گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر باش. بەڵام لە هەمان کاتدا، بیروڕاشمان لەسەر هەندێک کێشەی ناوچەکەمان ئاڵوگۆڕ کرد. دەزانن ئێستا لە تورکیا پرۆسەیەکی ئاشتیی زۆر گرنگ بەردەوامە؛ واتا چەکدانانی پەکەکە و لە دوای ئەویش، پرۆسەی هەڵوەشانەوەی بەردەوامە. لەم پرۆسەیەدا، لە حکوومەتی هەرێمەوە ئەو پشتیوانییەی وەرمانگرت، پشتیوانییەکی بنیاتنەرانەیە و زۆر گرنگە. هەروەها تاوتوێی شەڕی ئێرانمان کرد و جەختمان لەوە کردەوە کە نابێت دووبارە شەپۆلی نوێی هێرش بۆ سەر ئەو وڵاتە هەبێت، و پێویستە کێشەکان لەگەڵ ئێران بە شێوازێکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن. لەسەر ئەم پرسانە بۆچوونمان گۆڕییەوە. دوایین دۆخی سووریامان تاوتوێ کرد و خۆشحاڵیی خۆم دەربڕی بەرامبەر بە پێشهاتەکانی سووریا کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە و بە هێمنی لە رێڕەوی خۆیان دان. بێگومان ئابووریش تەوەرێکی گرنگمان بوو؛ بابەتەکانی رێگەی گەشەپێدانمان تاوتوێ کرد. جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە رێگەی گەشەپێدان، بۆیە باسمان لەو جوگرافیایەی هەرێمی کوردستان کرد کە دەبێت رێگەی گەشەپێدانی پێدا تێپەڕێت.

ژینۆ محەمەد: بابەتەکان زۆر گرنگ و هەنووکەیین. بۆ من گرنگە لە پڕۆسەی ئاشتییەوە دەست پێ بکەین؛ رۆڵی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی ئاشتیی ئێستادا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ چونکە دەزانن ئەمە یەکەم جار نییە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت.

عەلی باباجان: بەڕێز بارزانی لە سەرەتاوە پشتیوانییەکی دڵسۆزانەی ئەم پرۆسەیەی کردووە، کە وایکرد پرۆسەکە تا ئەمڕۆ بە سەرکەوتوویی بەردەوام بێت، ئەمەش بەڕاستی بۆ هەمووان زۆر زۆر گرنگ بوو. چونکە ئیتر لە ناوچەکەماندا بکەری نادەوڵەتیمان ناوێت؛ ئێمە لە ناوچەکە گرووپی میلیشیایی و رێکخراوی تیرۆریستیمان ناوێت. دەوڵەتەکان بەهێز بن، دامەزراوەکان بەهێز بن، ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بە دامەزراوەی بەهێزی دەوڵەت لە ناوچەیەکدا ببینین. بەو هیوایەی ئەم پێشهاتانەی پەکەکە کاریگەرییەکی گۆڕانکاری لە تەواوی ناوچەکە دروست بکات و ناوچەکەمان لە بکەرانی نادەوڵەتی بە تەواوی رزگاری ببێت، ئەمە خواست و ئامانجمانە.

ژینۆ محەمەد: هەموو ئەمانەی باست کرد لە پێناو تورکیایەکی پڕ لە ئاسایش و خۆشگوزەرانییە، هاوکات تورکیا پێویستی بە یاسایەکی باشیشە؛ ئێوە خاوەنی فراکسیۆنن لە پەرلەمانی تورکیادا، چی دەکەن بۆ ئەوەی یاسایەکی باش دەربچوێنرێت؟ بەتایبەتی لە پڕۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکەدا.

عەلی باباجان: ئێمە وەک پارتی دەڤا هەر لە بنەڕەتدا لە کۆمیسیۆنی ئێستای پەرلەماندا نوێنەرایەتیمان هەیە. لە پەرلەماندا لێژنەی نوێش بۆ قۆناخی دواتر پێکدەهێنرێن. بەشداریپێکردنی پەرلەمان لە پڕۆسەی ئاشتیدا زۆر گرنگە، چونکە دەبێت هەموو هەنگاوەکان گشتگیر بن و بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا بپڕژێنەوە. واتا زۆر گرنگە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە پشتگیری لەو پڕۆسەیە بکەن. پەرلەمانی ئێستامان توانایەکی زۆر بەرزی نوێنەرایەتیکردنی هەیە؛ واتا ئەوانەی چوونە سەر سندووق و دەنگیان داوە، نزیکەی 90%ـیان لە پەرلەماندا نوێنەرایەتی دەکرێن. کەواتە بوونی پەرلەمان لە پرۆسەکەدا واتا بوونی تەواوی کۆمەڵگەیە. بەم هۆشیارییەوە پشتگیریی کارەکانی پەرلەمان دەکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا سەبارەت بە پەیوەندیی دروستی پرۆسەکەش وەک پارتی دەڤا بەشدارێکی بنیاتنەرین.

ژینۆ محەمەد: لە پڕۆسەی ئاشتیدا چارەنووسی سەرکردەکانی پەکەکە چی دەبێت؟

عەلی باباجان: دەزانن ئێستا قۆناخی یەکەمی پرۆسەکە بریتییە لە چەکدانانی رێکخراوەکە و کشانەوەیەتی لەو شوێنانەی ساڵانێکە لێیان بووە، و دەبێت ئەم دۆخەش لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە پشتڕاست بکرێتەوە. ئێستا لەم قۆناخەداین. دوای تەواوبوونی ئەم قۆناخە، واتا دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە، پڕۆسەیەکی نوێ دەست پێ دەکات دەربارەی ئەوەی چی لە ئەندامان دەکرێت؛ واتا بۆ ئەندامانی رێکخراوەکە دەرگای دەربازبوون دروست دەکرێت. هیوادارین لە قۆناخی داهاتووشدا پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت.

ژینۆ محەمەد: ئەو دەرگا کراوانە چین؟ کێ دەبێت ئەم دەرگایانە بکاتەوە؟

عەلی باباجان: ئەو یاسایەی دەرمانکرد و لە پەرلەمانی تورکیا تێپەڕی و بە یاسای چوارچێوە ناسراوە، بە وردی پێناسەی ئەو دەرچانە دەکات؛ هەموو شتێکمان خستە چوارچێوەیەکی یاساییەوە تا سەرلێشێوان دروست نەبێت، بۆ ئەوەی لە پرۆسەکەدا هەمووان بزانن کێ چی دەکات.

ژینۆ محەمەد: تۆ خۆت رازیت بە میکانیزمی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا؟ چونکە دەگوترێت پڕۆسەکە زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت و هەر لە قۆناخی یەکەمدایە، ئاخۆ بۆچی ناچێتە قۆناخی دووەم؟

عەلی باباجان: ئێمە وەک پارتی دەڤا یەکەم پارتی سیاسیین کە پاڵپشتیی خۆمان بۆ پڕۆسەکە دەربڕی و پێشوازیمان لێ کرد؛ واتا دوای ئەوەی پرۆسەکە لە لایەن دەسەڵات و بەڕێز باخچەلییەوە راگەیەندرا، ئێمە یەکەم پارت بووین کە پشتگیریمان راگەیاند. بواری چارەسەری ململانێ لە جیهاندا زۆر پێشکەوتووە و ئێستا نموونەی سەرکەوتووی زیاتر دەبینین. کاتێک سەیری نموونەی سەرکەوتووی جیهان دەکەین، هەنگاو و روانگەی پرۆسەکەی خۆمان بە گونجاو دەبینین، بەڵام مەحاڵە کێشەیەکی 40 ساڵە لە 40 رۆژدا تەواو بێت، ئەمە کاتی دەوێت. گرنگ ئەوەیە ئەم گوڕ و ریتمە بپارێزین؛ شەمەندەفەرەکە دەڕوات و بەرەو پێش دەچێت، هێواش بەرەو پێش دەچێت، ئێمە حەز دەکەین خێراتر بڕوات، بەڵام نابێت قەت بوەستێت. واتا ئەگەر شەمەندەفەرەکە بوەستێت، ئەم پرۆسەیە گوڕی خۆی لەدەست دەدات و ئیرادەکان لاواز دەبن. بۆیە پێویستە هەموو رۆژێک و هەموو هەفتەیەک بەرەو پێش بچین. کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئەوانەی ماندوون و لەسەری کار دەکەن، هەم دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئێمە و هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا بە دیالۆگ و هاوکارییەکی نزیکەوە ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبەن.

ژینۆ محەمەد: با ئەمە دوا پرسیار بێت لەسەر پڕۆسەی ئاشتی؛ ئێوە تا چەند ئاگاداری دۆخی ئیمراڵین؟

عەلی باباجان: عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری پەکەکەیە و رێنماییەکانی بۆ رێکخراوەکە لەم قۆناخەدا زۆر بەنرخن. تا ئەمڕۆش، هەم ئەو کاتەی تێیداین، هەم ئەو هەلومەرجەی تێیداین و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناوچەکەش، ئیتر کێشەکان بە چەک چارەسەر ناکرێن. ئۆجەلان سەبارەت بە گەڕان بەدوای چارەسەر لە زەمینەیەکی شەرعی و سیاسەتی دیموکراسیدا بۆچوونی هەیە، ئەمانە سەرنج و تێبینیی دروستن. هەروەها ئەم پرۆسەیە ئەگەر لەمەودوا لە رێگەی گفتوگۆ لە گۆڕەپانی سیاسیدا بەردەوام بێت، زۆر بەنرخ دەبێت.

ژینۆ محەمەد: تەوەرێکی دیکەی گرنگ دۆخی ئێستای ناوچەکەیە بە شێوەیەکی گشتی، بە دیاریکراویش شەڕی ئێران و ئەمریکا. لەو نێوەندەدا هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە جەنگی ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیلدا چۆن دەبینن؟ هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەم هەڵوێستە چییە؟ هەرێمی کوردستان زۆر هەوڵی داوە بێلایەن بێت، ئاخۆ توانیویەتی؟

عەلی باباجان: لە گفتوگۆکانی دوێنێماندا جەنگی ئێران تەوەرێکی گرنگ بوو. وەک پرەنسیپ پێمان وایە بابەتی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەبێت لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێت. جگە لەوەش، گرووپی (5+1)ی ساڵی 2006 دامەزرا، ئێمەش وەک تورکیا بەشداری پرۆسەی دانوستاندنەکە بووین؛ لەسەر داواکاری و بانگهێشتی ئەڵمانیا بەشدار بووین. دانوستاندنەکە زۆری کێشا، بەڵام بە رێککەوتن کۆتایی هات؛ واتا بێ هەڵگیرسانی شەڕ و بەبێ پێکدادان، لە پرۆسەی دانوستاندندا ئاشتیمان پاراست. لە کۆتاییدا کە رێککەوتن کرا، لە ماوەی کارپێکردنیدا ئاشتیش بەردەوام بوو. بەڵام لە خولی یەکەمی ترەمپدا ئەمریکییەکان ئەم رێککەوتنەیان هەڵوەشاندەوە. دوای هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە مەترسی و گرژی زیادیان کرد و بەداخەوە بەرەو ئەم جەنگە چووین. کێشەکان و پرسەکانی پەیوەست بە ئێران بە بەرنامەی ئەتۆمیشەوە بە جەنگ چارەسەر ناکرێن؛ بە خۆشحاڵییەوە بینیم لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لەسەر ئەمە باوەڕێکی بەهێز هەیە. هەروەها لە سەرەتای ئەم جەنگەدا، هەندێک گرووپی کوردی بە هاندان و هەوڵی ئیسرائیل و ئەمریکا داواکارییان هەبوو بچنە ناو جەنگەکەوە، بەڵام ئەم داواکارییە نەهاتە دی؛ گرووپە کوردییەکان نەچوونە شەڕەکەوە و ئێمەش وەک پێشهاتێکی زۆر ئەرێنی هەڵسەنگاندنمان بۆی کرد.

ژینۆ محەمەد: کەواتە تێڕوانینی سیاسیی تورکیا بۆ جەنگی ئێران و ئەمریکا تەنیا ئاشتی و گەڕانەوەیە بۆ مێزی گفتوگۆ؟

عەلی باباجان: ئێمە بۆ جوگرافیای خۆمان چەند بنەمایەکی سەرەکیمان هەیە. یەکێک لە بنەماکان، چارەسەری کێشەکانە بە رێگەی ئاشتییانە، ئەمە زۆر گرنگە؛ نەک بە بەکارهێنانی چەک، بەڵکو بە گفتوگۆ، کە ئەمەش دەکرێت. بەڵام هەندێک جار هەندێک وڵات لەسەر شەڕ دەژین؛ هەندێک وڵات دەڵێن «با شەڕ و ناسەقامگیری بێت بۆ ئەوەی لەو دۆخەدا خاکی خۆم فراوان بکەم»، یان هەندێک وڵات دەڵێن «با ناسەقامگیری بێت، تا ئایدۆلۆژیام بە شێوەیەکی ئاسانتر بۆ ناوچە جیاوازەکان بڵاو بکەمەوە». دەبێت بەرامبەر ئەم وڵاتانە وریابین. بەڵام زۆرینەیان وڵاتانی سەقامگیریخوازن، زۆرینەیان وڵاتانی ئاشتیخوازن. دەبێت ئەو وڵاتانەی سەقامگیری و ئاشتییان دەوێت، بە هاوپشتی و هاوکارییەکی نزیکترەوە ئاشتی بپارێزن و کێشەکانیش بە شێوازی ئاشتییانە، دیپلۆماسی و دیالۆگی سیاسی چارەسەر بکەن؛ ئەمە بنەمایەکی گرنگمانە.بنەمایەکی تری گرنگ ئەوەیە کە ناوچەکەمان فرەنەتەوە، فرەکەلتوور، فرەئایین و فرەمەزهەبە؛ تەواوی شارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەتەوە و کەلتوورە جیاوازەکان، ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان پێکەوە تێیاندا دەژین. کەواتە لە جوگرافیایەکی لەم شێوەیەدا، ئێمە دەبێت نەک بە سیاسەتی ناسنامە، بەڵکو بە بنەما و بەها هاوبەشەکان دەوڵەتداری بکەین. گرنگترین بەهای هاوبەشمان شکۆی مرۆڤ، و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانن. هەروەها بنەمایەکی گرنگی ترمان سەروەریی یاسایە؛ حوکمڕانی بەپێی رێسایە. لە حوکمڕانیدا بۆ هەموو خەڵک دەبێت نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە هەبێت، جا چ لە شارێک بێت، یان ناوچەیەک یان وڵاتێک. لەگەڵ ئەم نوێنەرایەتییەدا، تەنانەت بچووکترین کەمینەش ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی بە تەواوی بپارێزرێن؛ ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان هەرگیز نەخرێنە دەنگدانەوە و نەکرێنە مامەڵە، چونکە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان هی خودی مرۆڤن. لە حوکمڕانیی وڵاتدا و لە بڕیارەکانی دەسەڵاتدا، مۆدێلەکانی پشتبەستوو بە نوێنەرایەتیی دادپەروەر و دیموکراسی بۆ ناوچەکەمان یەکجار گرنگن.

ژینۆ محەمەد: لە قسەکانتدا گوتت دەبێت تورکیا ئاگاداری ئەوانە بێت کە ئاشتییان ناوێت و ناسەقامگیرییان دەوێت؛ ئایا تورکیا دەتوانێت مامەڵەیان لەگەڵدا نەکات؟

عەلی باباجان: بێگومان وڵات هەیە سەقامگیریی ناوێت؛ لە پێشەنگی ئەوانەی سەقامگیرییان ناوێت، ئیسرائیلە. بەتایبەت لەگەڵ نەتانیاهۆ، ئیسرائیل بە بەردەوامی لە دۆخی شەڕدایە و بە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە، بە ئەنجامدانی تاوانی مرۆیی رۆژانە لەوێ، هەروەها بە هێرشەکانی بۆ سەر سووریا و لوبنان، لە ناوچەکەدا پشتێنەیەکی ئەمنیی ناوێت؛ دەڵێت: با لوبنان ناسەقامگیر بێت تا زیاتر هەژموونم هەبێت، با سووریا ناسەقامگیر بێت تا خاکی زیاتری داگیر بکەم، ئەم ئامانجەی هەیە. باشە چارەسەری ئەمە چییە؟ چارەسەری ئەوەیە هەموو وڵاتانی ناوچەکە دژی ئەم سیاسەتە فراوانخوازییە هاوپشتییەکی پتەویان هەبێت. سەیر بکە؛ تورکیا، میسر، عەرەبستانی سعوودی، ئێران، عێراق و وڵاتانی تری ناوچەکە پێکەوە بە پتەوی بە ئیسرائیل بڵێن: "تۆ ناتوانیت سەرەڕۆیی بکەیت، ناتوانیت زیانی زیاتر بە ناوچەکەمان بگەیەنیت، ئیتر بەسە." ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێزی سیاسیی وا بنوێنن، ئەمە زۆر کاریگەر دەبێت. چونکە تا ئەمڕۆ سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل لە راستیدا لە رێگەی دۆزینەوەی کەلێنی نێوان وڵاتانی ئیسلامییەوە بووە؛ بۆیە پێویستە ئەو کەلێنانە پڕ بکەینەوە و دژی فراوانخوازیی ئیسرائیل بە پتەوی یەکبگرین.

ژینۆ محەمەد: کەواتە لە کۆی ئەوانەی بۆت باسکردم، تورکیا بەشێکە لە کێشە یان چارەسەر؟

عەلی باباجان: تورکیا هەمیشە لەگەڵ ئاشتیدا بووە. بەتایبەت ئەگەر سەیری 15 بۆ 20 ساڵی رابردوو بکەین، تورکیا لە پرسە گرنگەکاندا رۆڵی نێوەندگیری بینیوە. بەڵام تورکیا لەو کاتانەی لەژێر هەڕەشەدا بووە و کاتێک سنوورەکانی رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە، بۆ پاراستنی سنوورەکانی بێگومان کاری پێویستی کردووە؛ واتا ئەگەر کەسانێک چەکت لە دژ بەکاربێنن، ناکرێت بە گوڵ وەڵامیان بدەیتەوە. بۆیە لە لایەکەوە بێگومان ئاسایش بابەتێکی گرنگە، بەڵام لە نێوان وڵاتاندا، بنەما ئەوەیە چارەسەری کێشەکان بە دیالۆگی سیاسی و دیپلۆماسی بێت.

ژینۆ محەمەد: ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پەیوەندییەکانی ئەنقەرە - هەولێر، ئەنقەرە تا چەند دەتوانێت لەم قۆناخەدا هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات؟

عەلی باباجان: لە راستیدا دەبینین ئێستا ئەم هەماهەنگییە زۆر بەهێزە؛ حکوومەتی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە زۆر بابەتدا دیالۆگێکی زۆر نزیکیان هەیە. تەنانەت ئێستا کە ئێمە ئەم بەرنامەیە دەکەین، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە تورکیا لە ئەنتاڵیایە، هەم بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆپ 31 (COP31) دەکات، هەم لەگەڵ هاوتاکانیدا دیداری دووقۆڵی هەیە. بۆ ئێمە هەولێر، سلێمانی و کەرکووک لە مەودای گەشتە ناوخۆییەکانی تورکیا دەچن؛ واتا ئەگەر من لە ئەنقەرەوە بە فڕۆکە بۆ وان بە 1.5 تا 2 کاتژمێر بچم، لە ئیستەنبووڵەوە بۆ هەولێریش هەر 1.5بۆ 2 کاتژمێرە. زۆر نزیکین؛ لە رووی جوگرافیا و لە کەلتووریشدا زۆر نزیکین. تورک و کورد هەزار ساڵە پێکەوە لەم جوگرافیایەدا دەژین، ئینشەڵڵا هەزاران ساڵی دیکەش و تا قیامەت پێکەوە دەژین. ئەم برایەتی و ئەم دۆستایەتییە هێزەکەی لە قووڵایی مێژووەوەیە؛ کاتێک لە داهاتووش دەڕوانین، ئەگەر لە پەیوەندی و دیالۆگی نزیکدا بین، هیچ کێشەیەک بێچارەسەر نامێنێتەوە. بەڵام لەوانەیە کەسانێک هەبن لە دەرەوە بێن و فیتنە بنێنەوە، لە دەرەوە بێن و نێوانمان تێکبدەن، دەبێت بەرامبەر ئەوانە زۆر بەئاگا و وریابین.

ژینۆ محەمەد: ئەگەر بێینە سەر ناوخۆی تورکیا، با بزانم بە شێوەیەکی گشتی دۆخی تورکیا ئێستا لە رووی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە چۆن دەبینیت؟

عەلی باباجان: لە تورکیادا دیموکراسی کار دەکات، بەڵام بە کێشەوە کار دەکات. ئێمەش وەک پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا)، وەک پارتێکی سیاسی دەمانەوێت ئەم کێشانە چارەسەر بکەین. بەڵام لە هەر کوێوە بێت، لەم جوگرافیا فراوانەدا تورکیا لە ناوخۆیدا سەقامگیری و ئاسایشی خۆی پاراستووە و ئابوورییەکەشی، کەمیش بێت، ساڵانە وڵاتێکە گەشە دەکات. پێویستە بگەینە گەشەیەکی بەرزتر و پێویستمان بە مۆدێلێکی گەشەی تەندروستترە. راستە لە ناوچەیەکداین کە پڕە لە ئاڵۆزی، پڕ لە پێکدادان و شەڕ، سەرئەنجام سەقامگیریی تورکیا نەک تەنیا بۆ تورکیا، بەڵکو بۆ ناوچەکەش زۆر گرنگە.

ژینۆ محەمەد: لە چوارچێوەی ئەو سەقامگیری و ئارامییەی لە تورکیادا هەیە، کورد لە کوێی ئەم دۆخەدایە؟ پێتانوایە تورکیا توانیویەتی مافە بنەڕەتی و سەرەتاییەکانی کورد بدات؟

عەلی باباجان: لە کۆماری تورکیادا، ئەو کوردانەی هاووڵاتیمانن، پێکهاتەی سەرەکیی کۆمەڵگەکەمانن. بەڵام کاتێک سەیری مێژووی نزیکمان دەکەین، لەبارەی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانەوە کێشەی جدی هەبووە، و ئێستاش هەیە. لە یەکەم رۆژی دامەزراندنی پارتی دەڤادا گوتمان کە لە تورکیادا کێشەی کورد هەیە؛ کێشە لە مافە سەرەکییەکانی هاووڵاتییانی کوردماندا هەیە و گوتمان چارەسەریان دەکەین. لە راستیدا ئێستا پڕۆسەی ئاشتی، کە لە یەکەم پرسیارتاندا ئاماژەتان پێ کرد، پرۆسەیەکی گرنگە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت پرۆسەی چارەسەری مافەکانیش دەستپێبکات. پرۆسەی ئاشتی بریتییە لە کۆتاییهاتنی توندوتیژی و دانانی چەکەکان، بەڵام پێویستە لە پرۆسەی چارەسەرماندا لەسەر ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان هەنگاوە پێویستەکان بە خێرایی بنرێن. لێژنە پێکهێنراوەکەی پەرلەمان ئەم دوو پرسەی بە جیا باس کرد و پرۆسەی بابەتی یەکەم دەستی پێ کرد. لە پرۆسەی بابەتی دووەمیشدا، بەبێ ئەوەی بکرێتە مامەڵە، لە رێڕەوی خۆیدا و بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو تاوتوێ دەکرێت.

ژینۆ محەمەد: بەڕێزتان خاوەنی دەسەڵاتی باڵا بوون؛ ماوەیەک جێگری سەرۆکوەزیران بوون، وەزیر بوون. کورد لە ماوەکانی رابردوودا هەمیشە گلەیی لەوە هەبووە کە جیاوازییەکی زۆر کراوە لە مافە سەرەتاییەکان و خزمەتگوزاریی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەیان. ئێستا بە شێوەیەک لە شێوەکان شەڕ نەماوە؛ دەبێت چۆن ئەو ناوچانە ئاوەدان بکرێنەوە و هاوکاریی کوردانی تورکیا بکرێت؟

عەلی باباجان: لە راستیدا کاتێک دەڕوانینە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەمان، واتا ئەو ناوچانەی ژمارەی دانیشتووانی کورد تێیاندا چڕترە، لە 15 بۆ 20 ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی گرنگ لە ژێرخاندا دەبینین. نەک تەنیا دەوڵەت ژێرخانی دابین کردووە، بەڵکو هاوکات دەبینین وەبەرهێنانی زۆری پیشەسازیش هاتووەتە ناوچەکە؛ چونکە تا ئاسایش و ئارامی زیاد بکات و سەرچاوەکانی دەوڵەت بۆ گەشەپێدان خەرج بکرێن، دەبینین لە ناوچەکەش پێشکەوتنی گرنگی ئابووری بەدی هاتووە. واتا ئەمڕۆ، ئەگەر بێیتە دیاربەکر و سەردانی وان بکەیت و بەراوردی بکەیت بە 15 بۆ 20 ساڵ پێش ئێستا، لە دۆخێکی زۆر زۆر جیاوازدایە.شتێکی دیکەش روویدا؛ لە تورکیادا کۆچێکی ناوخۆییی گرنگ روویدا، واتا هاووڵاتییە کوردەکانمان لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتەوە بەرەو رۆژئاوا کۆچیان کرد. ئەمڕۆ شارە کەناراوییەکانمان و شارەکانی دەریای ناوەڕاست، وەک ئەنتاڵیا و ئیزمیر، بوونەتە شاری زۆر چڕ لە دانیشتووانی کورد. پێموایە ئێستا لە جیهاندا ئیستەنبووڵ زۆرترین کوردی تێدا دەژی. کەواتە ئێمە ئێستا هەموومان پێکەوەین؛ لە هەموو تورکیاشدا پێکەوەین. ئینشەڵڵا ئاوایش پێکەوە، بە ئارامی و ئاشتی درێژە بە ژیان دەدەین.

ژینۆ محەمەد: جیا لەم پرسیارانە، ئەگەر بە کورتی وەڵامم بدەیتەوە؛ پشتگیریی ئێوە بۆ ئامەدسپۆر چۆنە؟

عەلی باباجان: ئامەدسپۆر بە شێوەیەک سەرکەوتوو بوو کە هەمووانی سەرسام کرد و ئێستا هاوشانی یانە زۆر دێرینەکانی تورکیا و ئیستەنبووڵ یاری دەکات و ئاستێکی باش نیشان دەدات. لە تورکیادا ئەم گۆڕانکارییە، بۆ تورکیای نوێ و سەدەی دووەمی کۆمارەکەمان، بۆ برایەتیی ناوخۆمان و بۆ ئارامیی ناوخۆمان لە رێگەی وەرزشەوە بەشدارییەکی زۆر باش دەکات.

ژینۆ محەمەد: بەڕێز عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن؛ زۆر سوپاس بۆ بەشداریتان.

عەلی باباجان: سوپاس دەکەم، هەربژین.