ترەمپ: لە جەنگی ئێران سەرکەوتنی 100%ـمان دەوێت

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە گوتارێکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستپێشخەری جەنگ لەگەڵ ئێران نەبووە، بەڵکوو تاران لە ساڵی 1979ەوە شەڕی دژ بە ئەمەریکا راگەیاندووە؛ جەختیشی کردەوە واشنتن سەرکەوتنی تەواوەتی لەم جەنگەدا بەدەستهێناوە و لانیکەم 25 ساڵی پێویستە تاوەکو ئێران بتوانێت ئەو ژێرخان و پێگانە بنیات بنێتەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا وێرانیان کردوون.

چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بەردەم لایەنگرانی و فەرماندە سەربازییەکاندا گوتی: "ئەمەریکا جەنگی لەگەڵ ئێران دەستپێنەکرد، بەڵکوو دەبوو ئەم کێشەیە زۆر لەمەوبەر یەکلا بکرایەتەوە. لەم ئیدارەیەدا ئێمە هەموومان بەیەکەوە رووبەڕووی بووینەوە و بە توندی لێمان دان و سەرکەوتین. ئێستا تەنیا کاتی کۆتاییهێنانەکەی ماوە، ئێمەش سەرکەوتنێکی نیوەچڵ و 93%مان ناوێت، بەڵکوو سەرکەوتنی تەواوەتی و سەدا سەدمان دەوێت."

سەرۆکی ئەمەریکا سەرنجی خستە سەر لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و گوتی: "ئێمە رێگریمان لە ئێران کرد ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیجییەکانی جۆری B-2 ئەو بنکانەیان بە تەواوی لەناوبرد. پێویستی بە 25 ساڵ کارکردن هەیە تا بتوانن ئەوەی وێرانمان کردووە سەرلەنوێ دروستی بکەنەوە، و هیواداریشم چیتر پێویست نەکات هیچ شوێنێکی دیکەی ئەو وڵاتە وێران بکەین."

سەبارەت بە زیانەکانیش، ترەمپ روونی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە دژی ئێران 7 مانگ لەمەوبەر دەستی پێکرد و تەنیا چەند هەفتەیەکی شەڕی سەختی مەیدانی بووە، و گوتیشی: "18 رۆحی جوان و سەربازی ئازامان لەدەست دا، بەڵام کاتێک ئەم ململانێیە بەم زووانە کۆتایی دێت، سەرانسەری جیهان دەبێتە شوێنێکی زۆر سەلامەتتر، باشتر و ئارامتر، دوور لەو مەترسییە گەورەیەی کە ساڵانێک بوو بەدەستییەوە دەمانناڵاند."

دۆناڵد ترەمپ بەراوردی جەنگی ئێرانی لەگەڵ جەنگەکانی رابردووی ئەمەریکا کرد و رەخنەی لە سیاسەتی ئیدارەکانی پێشوو گرت و گوتی:

لە جەنگی کۆریادا لە چوار ساڵدا 36 هەزار و 500 سەربازی ئەمەریکی کوژران.

لە جەنگی ڤێتنامدا بە درێژایی 21 ساڵ 60 هەزار سەرباز گیانیان لەدەست دا.

لە جەنگی عێراقدا لە ماوەی هەشت ساڵدا زیاتر لە 4 هەزار و 400 سەرباز کوژران.

لە جەنگی ئەفغانستانیشدا لە ماوەی نزیکەی 20 ساڵدا 2 هەزار و 500 سەرباز گیانیان بەخت کرد.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمەریکا لە هیچ کام لەو جەنگانەدا دەستکەوتێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا، بەڵام ئێستا بە گوێرەی هاوکێشەی "دەستکەوت بۆ سەرکەوتووەکانە" سیاسەت دەکەن.

سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێکی توندی ئاراستەی نەیارانی ناوخۆ و دەرەوە کرد و گوتی: "هەرگیز رێگە نادەم هیچ کەس و لایەنێک بە ئایدیۆلۆژیایەکی خراپ، گێلانە و ترسناک زیان بە وڵاتەکەمان بگەیەنێت، و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە روودانی شتی وا نادەین."