فایەق زێدان: پێویستە هەولێر و بەغدا بەگوێرەی دەستوور کێشەکانیان چارەسەر بکەن
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە پەیمانگای چاتەم هاوس چەندین دۆسیەی هەستیاری سیاسی، ئەمنی و ئابووریی وڵاتەکەی خستەڕوو، هاوکات جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهاتن بە کێشەکان لە رێگەی دەستوور و گفتوگۆوە کردەوە.
چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، سەبارەت به کێشە ناوخۆییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، رایگەیاند، چارەسەری هەموو کێشەکان تەنیا لە چوارچێوەی دەستووردا دەبێت. هاوکات هۆشداری دا لە لێکدانەوەی هەڵە بۆ دەقە دەستوورییەکان بۆ بەرژەوەندی حزبی یان لایەنی، چونکە ئەمە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و پێویستە هەندێک دەقیش هەموار بکرێنەوە بۆ ئەوەی چارەسەری بنەڕەتییان بۆ بدۆزرێتەوە.
فایەق زێدان دووپاتیکردەوە، تاکە رێگە بۆ کۆتاییهاتن بە قەیرانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ و دانوستانە، بەو پێیەی عێراق لە بارودۆخێکی هەستیاردایە و بەرگەی ململانێ زیاتر ناگرێت، هەروەها رایگەیاند، لەو بارەیەوە گفتوگۆ و رێککەوتنی ئەرێنی کراون و پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکان لە پێشکەوتندایە.
سەبارەت بە دۆسیەی چەک، فایەق زێدان رایگەیاند، پێشتر گرووپە چەکدارەکان رادەستکردنی چەکەکانیانان بە بوونی هێزی بیانی لەناو خاکی عێراقەوە بەستبووەوە، بەڵام ئێستا کە هێزی بیانی نەماوە، هیچ بیانوویەک بوونی نییە بۆ ئەوەی ئەو گرووپانە پابەندی بڕیاری رادەستکردنەوەی چەکەکانیان نەبن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دۆسیەی ئابووری، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، عێراق لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە تەنیا پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە، ئێستاش بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و داخستنی گەرووی هورمز، هەناردەی نەوتی عێراق کەمی کردووە، بۆیە ئێستا حکوومەتی عێراق لە هەوڵێکی چڕدایە لەگەڵ چەندان کۆمپانیای بیانی بۆ ئەوەی رێگەی جێگرەوە بدۆزێتەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت و پاراستنی ئابووری وڵات.
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت ئێران، فایەق زێدان جەختیکردەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەدا زۆر باشە. هاوکات پەیامێکی توندی ئاراستەی لایەنە دەرەکییەکان کرد و رایگەیاند: بە هەموو وڵاتانمان راگەیاندووە عێراق خاوەنی حکوومەت، پەرلەمان و سەروەری خۆیەتی، بۆیە هەر دەستوەردانێکی بیانی لە کاروباری ناوخۆماندا رەتدەکەینەوە.