لە ئیسپانیا ملیۆنان کرێکار دژی بەرزبوونەوەی کرێی خانوو خۆپیشاندانیان کرد

مەدرید، پایتەختی ئیسپانیا بەهۆی خۆپیشاندان و مانگرتنێکی سەرانسەرییەوە پەککەوت، کە بە فراوانترین چالاکیی ناڕەزایەتی لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا دادەنرێت.

مانگرتنەکە سەرەڕای کەشوهەوای باراناوی و زریان، دژی بەرزبوونەوەی کرێی خانوو، نرخی نیشتەجێبوون و دابەزینی توانای کڕینی مووچە بەڕێوەچوو. لە چوارچێوەی ئەو ناڕەزایەتییانەدا، هاتوچۆ شێوا، ژمارەیەک دووکان و کارگە داخران و لە چەند شارێکیش لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا پێکدادان روویدا.

بەگوێرەی سەندیکاکان، نزیکەی 4 ملیۆن کرێکار بەشدارییان لەو مانگرتنە 24 کاتژمێرییەدا کرد، کە لەلایەن هەردوو گەورە یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی وڵاتەکە - یەکێتیی لیژنە کرێکارییەکان و یەکێتیی گشتیی کرێکاران - لەپاڵ کۆمەڵەی کرێنشینان و رێکخراوە مەدەنییەکاندا پشتگیریی لێکرا. ئەم جووڵەیە کەمتر لە سێ هەفتە پێش هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختەی ئیسپانیا هات کە بڕیارە لە 29ـی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت.

مانگرتنەکە لە نیوەشەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە دەستیپێکرد و لە چەندین شاری ئیسپانیا ناڕەزایەتی لەبەردەم کارگە، بازاڕ و ناوەندەکانی گواستنەوە سازکرا، هاوکات رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ناڕەزایەتییەکان رێگە سەرەکییەکانی بەرشەلۆنە و مەدریدیان گرتەوە.

لە بەرشەلۆنە، خۆپیشاندەران ئاگریان لە تایە بەردا و لەسەر رێگەکان بەربەستیان دروستکرد، لەوانەش رێگەی خێرای AP-7. لە مەدریدیش، لەنێوان پۆلیس و مانگرتووان لە نزیک بازاڕی ناوەندیی میرکامەدرید پێکدادان روویدا و هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا.

دەزگای رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئیسپانیا بڵاویکردەوە، 42 کەس لە چەند شارێک دەستگیرکران و 13 کەسیش بەهۆی پێکدادانەکانی نزیک بازاڕی میرکامەدرید پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی بوو. هاوکات یەکێتیی لیژنە کرێکارییەکان رایگەیاند، نیازیان هەیە سکاڵای یاسایی لەسەر شێوازی مامەڵەی پۆلیس لەگەڵ خۆپیشاندەران تۆمار بکەن.

کاریگەرییەکانی مانگرتنەکە کەرتی گواستنەوەی گشتیشی گرتەوە، بە جۆرێک میترۆی بەرشەلۆنە لە دەرەوەی کاتەکانی لووتکەدا وەستا و لە مەدریدیش بەکارهێنانی میترۆ لە کاتی لووتکەدا بە رێژەی 42%ـی بەراورد بە هەمان هەفتەی رابردوو دابەزی. هاوکات چالاکییە ئابوورییەکان لە چەند کەرتێکدا خاوبوونەوە.

داواکارییە سەرەکییەکانی مانگرتووان بریتین لە دابینکردنی مافی نیشتەجێبوون بە نرخی گونجاو، بەرزکردنەوەی مووچە بەگوێرەی تێچووی ژیان، سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی کرێ و رێگریکردن لە دەرکردنی کرێنشینان.

بەگوێرەی داتاکانی بانکی ناوەندیی ئیسپانیا، ئەو وڵاتە رووبەڕووی کەمیی نزیکەی 750 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2028 ئەو ژمارەیە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن یەکە بەرزببێتەوە. هەروەها ئەنجوومەنی لاوانی ئیسپانیا روونیکردەوە، تێکڕای کرێی مانگانە گەیشتووەتە نزیکەی 1,176 یۆرۆ، کە دەکاتە 98.7%ـی تێکڕای داهاتی مانگانەی گەنجانی کرێکار.

گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا کرێی خانوو بە رێژەی نزیکەی 80% و نرخی خانووبەرەش بە رێژەی 63% بەرزبووەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی رەخنەکان لە فراوانبوونی کرێی گەشتیاریی کورتخایەن و بەکارهێنانی خانووبەرە بۆ وەبەرهێنانی قازانجخوازانە.

سەرهەڵدانی ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییە بۆ مانگی ئەیلوولی رابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک ژنێکی تەمەن 87 ساڵان بە ناوی ماریکارمن ئاباسکال لە ماڵەکەی لە مەدرید دەرکرا کە زیاتر لە حەوت دەیە بوو تێیدا دەژیا و پاش چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. دواتر کاتێک پەرلەمان لە 2ـی تشرینی یەکەمی رابردوو بڕیارنامە حکوومییەکانی بۆ سنووردارکردنی دەرکردنی کرێنشینان رەتکردەوە، گرژییەکان زیاتر پەرەیانسەند.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختە لە 29ـی تشرینی دووەم، قەیرانی نیشتەجێبوون بووەتە یەکێک لە دیارترین تەوەرەکانی کێبڕکێی سیاسی، کە تێیدا حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆن یەکتر بە بەرپرسیار دەزانن. کۆمەڵەکانی کرێنشینان داوای توندکردنەوەی رێکارەکان لەسەر کرێی گەشتیاری دەکەن، بەڵام یەکێتیی خاوەنکاران پێیوایە چارەسەر لە زیادکردنی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و کەمکردنەوەی باجەکاندایە.

سەندیکاکان مانگرتنەکەیان بە سەرکەوتوو وەسفکرد و رایانگەیاند، بەشداری لە کەرتی بەندەرەکان و پیشەسازیی ئۆتۆمبێل گەیشتە 90%، بەڵام رێکخراوی خاوەنکاران پێداگرییکرد کە کار و چالاکییەکان لە زۆربەی ناوچەکان بە ئاسایی بەڕێوەچوون. هەروەها سەرەڕای ئەوەی بەهۆی زریان و بارانبارینەوە بەشێک لە بەرنامەکان دەستکاری کران، بڕیاربوو مانگرتنەکە تا نیوەشەوی چوارشەممە بەردەوام بێت.