کەسوکاری قوربانییانی یەمەن هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە سعوودیە دەکەن

ئەمڕۆ لە باکووری رۆژهەڵاتی سەنعای پایتەختی یەمەن، سەدان هاووڵاتی بەشدارییان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی قوربانییانی هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیە کرد. لەو هێرشانەدا ژمارەیەک ژن و منداڵ لەنێو ماڵەکانیاندا کوژران. لە مەراسیمەکەدا کەسوکاری کوژراوان تووڕەییی خۆیان دژ بە دەسەڵاتدارانی سعوودیە دەربڕی و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەیان دووپات کردەوە.

رێوڕەسمەکە لە گوندی شەریعە بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەک ماڵ کرانە ئامانج. زۆربەی قوربانییەکان ئافرەت و منداڵن و بەشێک لە خێزانەکان بەتەواوی سڕاونەتەوە، کەسوکاری قوربانیانیش لەسەر گۆڕەکان پەیمانی تۆڵەسەندنەوە دەدەن.

حەمەد بەس، یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەو 15 شەهیدەی ئێمە لەنێو ماڵەکانیاندا کرانە ئامانج و کوژران، هەموویان ئافرەت و منداڵ بوون. پەیاممان بۆ سعوودیە ئەوەیە کە خوێنیان بەفیڕۆ ناڕوات و هەرچەند کاتیش بخایەنێت، تۆڵەیان دەکەینەوە".

محەمەد مەرسەد، کە ئەویش لە کەسوکاری قوربانییەکانە، گوتی: "لە تەواوی ئەو خێزانە تەنیا ئەم منداڵە ماوەتەوە، هەمووانی دیکە لە هێرشەکەدا کوژران و تەنیا ئەم منداڵە رزگاری بووە".

لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمەکاندا، گۆڕستانەکە بووە گۆڕەپانی دەربڕینی تووڕەیی دژ بە سعوودیە. کەسوکاری قوربانییان کە چەندین ئەندامی یەک خێزانیان لەدەست داوە، پەیامی توند و هەڕەشەی راستەوخۆ ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ریاز و شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە دەکەن.

عەبدولحەمید ئەغرەبی، یەکێکی دیکە لە کەسوکاری قوربانییەکان، روونیکردەوە: "لەنێو کەسوکارمدا خێزانی عەبدولحەمید ئەغرەبی هەبوون. حەوت کەسیان کوژران کە بریتی بوون لە سێ ژن، دوو پیاو و دوو منداڵ. پەیامم بۆ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە ئەوەیە کە خوێنی ئەم منداڵ و شەهیدانە تەختی دەسەڵات و شانشینەکەت رادەماڵێت و کۆتاییتان پێدەهێنێت".

بەگوێرەی لایەنە تەندروستییەکانی سەنعا، زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئەو ناوچەیە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە کە زۆربەیان مەدەنین. ئەم رووداوە ناڕەزایەتی و خەمی هاووڵاتییانی یەمەنی بەرامبەر بە ئامانجگرتنی ماڵ و خەڵکی سڤیل قووڵتر کردووەتەوە.