سوپای ئیسرائیل: چەند سەرکردەیەکی حەماسمان لە نەخۆشخانەیەکدا کوشت

نەخۆشخانەی "ناسر" لە غەززە دوای هێرشکردنە سەری لە لایەن ئیسرائیلەوە
نەخۆشخانەی "ناسر" لە غەززە دوای هێرشکردنە سەری لە لایەن ئیسرائیلەوە

لە کاتێکدا وەزارەتی تەندروستیی غەززە کوژرانی چەند کەسێکی بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیلەوە بۆ سەر نەخۆشخانەیەک راگەیاند، سوپای ئیسرائیل هۆکاری هێرشەکەی بۆ بوونی سەرکردەیەکی دیاری حەماس و هەبوونی ژووری ئەشکەنجەدان و کۆگای چەک لە نێو نەخۆشخانەکەدا گەڕاندەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی تەندروستیی غەززە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە توندی سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی باڵەخانەی نەشتەرگەری لە کۆمەڵگەی پزیشکیی "ناسر" لە لایەن ئیسرائیلەوە دەکەن و بەهۆی ئەو هێرشەشەوە شەش کەس لە تیمە پزیشکییەکان و نەخۆشەکان گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها وەزارەتەکە باسی لەوە کرد، بەئامانجگرتنی دامەزراوەیەکی پزیشکی کە نەخۆش و تیمەکانی تێدایە، دەستدرێژییەکی مەترسیدارە بۆ سەر سیستەمی تەندروستی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. هاوکات داوای دەستێوەردانی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ پاراستنی نەخۆشخانە و تیمە پزیشکییەکان و نەخۆشەکان و هۆشداریشی دا، بەردەوامیی ئەم هێرشانە هەڕەشە لە کەرتی تەندروستی دەکات و نەهامەتیی نەخۆشەکان زیاتر دەکات.

لە بەرانبەردا سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئەوەیان خستەڕوو، شەوی رابردوو (پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026) لە رێگەی هێرشێکی ئاسمانییەوە سەرکردەیەکی دیار و چەند چەکدارێکی دیکەی بزووتنەوەی "حەماس"ـیان کردووەتە ئامانج، لە کاتێکدا لە نێو نەخۆشخانەی "ناسر" لە خان یونس خۆیان حەشار دابوو.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس نەخۆشخانەکەی کردووەتە بارەگای سەرکردایەتی بۆ چالاکییە سەربازییەکانی و چەک و تەقەمەنیی تێدا کۆکردووەتەوە. هەروەها گوتی، دەزگای ئاسایشی ناوخۆ و هەواڵگریی حەماس لە نێو کۆمەڵگەکەدا کاری لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدانیان کردووە، جگە لە بەگەڕخستنی ژووری سەرکردایەتی و بەکارهێنانی نەخۆشخانەکە وەک خاڵی چاودێری و پەناگە بۆ چەکدارەکانیان.

سوپای ئیسرائیل ئەم کارەی حەماسی بە پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەکارهێنانی ژێرخانی مەدەنی بۆ مەرامی سەربازی وەسف کرد، ئەوەشی روون کردەوە، پێش هێرشەکە و لە کاتی جێبەجێکردنیشیدا هەنگاوی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانە مەدەنییەکان، ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی چەکی وردپێک و چاودێریی ئاسمانییەوە.

کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر دەکەوێتە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە و یەکێکە لە نەخۆشخانە سەرەکییەکانی ئەو ناوچەیە. لە سەرەتای جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسەوە لە ساڵی 2023، کەرتی تەندروستی لە غەززە رووبەڕووی داڕمانێکی گەورە بووەتەوە. 

سوپای ئیسرائیل بەردەوام رایدەگەیەنێت، چەکدارانی حەماس ژێرخانی مەدەنی و نەخۆشخانەکان بۆ مەرامی سەربازی و حەشارگە و کۆگای چەک بەکاردەهێنن، بەڵام بزووتنەوەی حەماس و بەرپرسانی تەندروستیی غەززە بە تووندی ئەم تۆمەتانە رەتدەکەنەوە. 

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک تەندروستیی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار هۆشدارییان داوە لە رووخانی تەواوەتیی سیستەمی تەندروستی لە غەززە و جەختیان لەسەر پاراستنی دامەزراوە پزیشکییەکان کردووەتەوە، بەتایبەتی لە کاتێکدا هەزاران ئاوارە و بریندار پەنایان بۆ ئەو نەخۆشخانانە بردووە.