گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کوردستان24: ئاسایشی ئۆکراینا بەشێکە لە ئاسایشی ئەوروپا

گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئاسایشی ئۆکراینا بریتییە لە ئاسایشی ئەوروپا و لە یەکەم رۆژیشەوە بەردەوام پشتیوانییان لەو وڵاتە کردووە.

ئەو گوتەبێژە گوتی: "بەردەوام دەبین لە کارکردن لەنزیکەوە لەگەڵ ئۆکراینا و هاوبەشەکانمان لەپێناو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام."

سێشەممەی رابردوو لە ئەبووزەبی، نوێنەرانی ئەوروپا بە بەشداریی یەکێتیی ئەوروپا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و ناتۆ، بۆ نانی بەیانییەکی هەماهەنگی لەگەڵ شاندی ئۆکراینا کۆبوونەوە. دوای ئەوە، کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار لەنێوان ئۆکراینا، یەکێتیی ئەوروپا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ناتۆ و ئەمریکا بەڕێوەچوو.

ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، دانوستانەکانی ئاشتی بە شێوازی جیاواز، لە شوێنی جیاواز و لە ئاستی جیاوازدا بەڕێوەدەچن، کە بەشداریی سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەتەکان، وەزیرەکان، دیپلۆماتکاران و بەرپرسانی باڵا لەخۆدەگرن.

هەروەها روونیکردەوە، کۆتایی ئەم هەفتەیە گفتوگۆکان لەسەر ئاستی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی نافەرمیی ئەنجوومەنی ئەوروپادا بەردەوام دەبن.