سەرۆکی پارتی ئێلی تورکمانی ناوی پارێزگاری نوێی کەرکووکی ئاشکرا کرد
بەرپرسێکی تورکمان لە کەرکووک رایگەیاند، پارێزگاری نوێی کەرکووک هەڵدەبژێردرێت. سەرەڕای ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ تورکمانەکان یەکلایی بووەتەوە و بەربژێرەکەیان دیاریکردووە، بەڵام لە 24 کاتژمێری رابردوودا یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆسیەیە دواکەوت.
ریاز ساریکەهیە، سەرۆکی پارتی ئێلی تورکمانی لە کەرکووک، بە کوردستان24ـی راگەیاند: پۆستی پارێزگاری کەرکووک مافی تورکمانەکانە و ئەو دۆسیەیە بە تەواوی سپێردراوە بە بەرەی تورکمانی بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدەن.
ریاز ساریکەهیە ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ قەحتان وەنداوی لە بەرەی تورکمانی وەک پارێزگاری کەرکووک هەڵدەبژێردرێت. ئەو بەرپرسەی تورکمان دووپاتیکردەوە، هەرچەندە بەگوێرەی رێککەوتن ماوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لای تورکمان لە 31ـی 12ـی 2026 کۆتایی دێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت تا مانگی ئاداری داهاتوو لە دەستی تورکمانەکاندا بمێنێتەوە و دواتر رادەستی پێکهاتەیەکی دیکەی کەرکووک بکرێت.
بڕیاربوو دوێنێ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کاتژمێر 4ـی پاشنیوەڕۆ کۆبێتەوە و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بکاتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێر 9ـی شەوی رابردوو دواخرا و پاشان بە تەواوی هەڵوەشایەوە.
16ـی نیسانی 2025، رێبوار تەها پۆستی پارێزگاری کەرکووکی رادەستی تورکمان کرد و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک محەمەد سەمعانی وەک پارێزگاری نوێ هەڵبژارد.
پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک، وەک وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی عێراق سوێندی یاسایی خوارد.