حەسەن مەجید: داوا دەکرێت پارێزگاری کەرکووک تورکمانێکی شیعە مەزهەب بێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، "چاوەڕێین لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی کەرکووک بگەنە رێککەوتن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، هۆکاری بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ، بۆ دروستبوونی ناکۆکی و مەرجی نوێ لەلایەن لایەنێکی سیاسیی شیعەوە دەگەڕێتەوە، کە داوایکردووە پارێزگاری داهاتوو تورکمانی شیعەمەزهەب بێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکدا روونیکردەوە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 27 رۆژ بەسەر دروستبوونی بۆشایی کارگێڕی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووکدا، سێشەممەی رابردوو لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی چوارشەممە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بەڕێوەبچێت و کەسایەتییەکی تورکمان بۆ پۆستی پارێزگار دەستنیشان بکرێت، بەڵام تەنیا لە ماوەی چەند خولەکێکدا رێککەوتنەکە تێکچوو و چارەنووسی کۆبوونەوەکە بە نادیاری مایەوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەو لایەنە شیعەیەی پێشتر گەرەنتیی رێککەوتنەکەی کردبوو، بەربەستی بۆ پڕۆسەکە دروستکرد و داوایکرد پۆستەکە بۆ پێکهاتەی تورکمانی شیعە بێت، ئەمەش وایکرد دانیشتنەکە سەرەتا بۆ کاتژمێر 8ـی شەو دوابخرێت و لە کۆتاییشدا بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەجید جەختیکردەوە پارتەکەی چاوەڕوانی گەیشتنە بە فۆرمۆڵە و رێککەوتنی کۆتایی لە بەغدا و گوتی: "پارتی خاوەنی روانگەی تایبەتی خۆیەتی بۆ دۆخی کەرکووک، هەر بڕیار و رێککەوتنێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووکدا بێت بەشداریی تێدا دەکەین و دەنگی پێدەدەین، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر لە خزمەتی خەڵکدا نەبێت، بەشدار نابین".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رەخنەی لە شێوازی دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگار گرت و وەک سیستەمێکی شکستخواردوو وەسفیکرد، کە ناتوانێت خزمەت بە پڕۆژە ستراتیژی و گرنگەکانی شارەکە بکات. هاوکات روونیکردەوە، تا ئێستا هیچ کاتێکی نوێ بە فەرمی بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دیاری نەکراوە.