ئیمارات؛ 14 کەس گیانیان لەدەستدا و 30ـی دیکەش بریندار بوون

وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات رایگەیاند: لە ئەنجامی رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لە شاری فوجەیرە لە نێوان 18 ئۆتۆمبێل و پێنج بارهەڵگردا، 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.

پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لە شاری فوجەیرەی ئیمارات، 18 و ئۆتۆمبێل و پێنج بارهەڵگر پێکیاندادا، بە پێی زانیاری و ئامارە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی رووداوەکە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.

وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە گرتنەبەری سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی ئەم رووداوە، لە رێگەی هەوڵە مەیدانییە گشتگیرەکان، دابینکردنی چاودێریی پزیشکیی بە پەلە بۆ سەرجەم برینداران و بەدواداچوونی دۆخی تەندروستییان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا پسپۆڕەکاندا.

روونیشی کردەوە، تیمە پسپۆڕەکان لە ئەرکەکانیان بەردەوامن بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە مەیدانییەکان و دڵنیابوونەوە لە هۆکار و بارودۆخی چۆنیەتیی روودانی کارەساتەکە؛ هاوکات پابەندبوونی خۆی دووپات کردەوە بۆ بەدواداچوونی دوایین پێشهاتەکان و راگەیاندنی زانیارییە دروستەکان دەستبەجێ دوای پشتڕاستکردنەوەیان.

وەزارەتی ناوخۆ سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی سەرجەم کۆچکردووان کرد و، داوای لە خوای گەورە کرد گیانیان بە بەزەیی و لێخۆشبوونی خۆی شاد بکات و سەبووری بە کەسوکاریان ببەخشێت، هاوکات هیوای زوو چاکبوونەوەی خێرای بۆ سەرجەم برینداران خواست.

وەزارەتی ناوخۆ داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان و چینەکانی کۆمەڵگە کرد کە زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و زانیاریی پشتڕاستنەکراوە بەدوور بگرن، وەک رەچاوکردنی هەستی کەسوکاری قوربانییان و پاراستنی رێڕەوی رێکارە یاسایی و ئەمنییەکان.

شاری فوجەیرە دەکەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی وڵاتی ئیمارات، فوجەیرە بە تۆپۆگرافیایەکی شاخاوی دەناسرێتەوە و بە زنجیرە چیاکانی حەجەر دەورە دراوە، ئەمەش وای کردووە رێگە سەرەکییەکانی کە فوجەیرە بە شارەکانی دیکەی وەک دوبەی و ئەبوزەبی دەبەستنەوە، بە ناوچەی شاخاوی و دۆڵەکاندا تێپەڕن. رووبەری ئەو شارە نزیکەی هەزار و 165 کیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 300 هەزار کەسە.