وەزارەتی نەوتی عێراق: رێکارەکانی ناردنی نەوتی سپی بۆ کوردستان تەواوکراون
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، رێکارەکانی ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان تەواوکراون.
پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: رێکارەکانی ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان تەواوکراون و پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا نەوتەکە رەوانە بکرێت و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت.
هاوکات شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە چەند ناوچەیەک زیاتر لە دوو هەفتەیە سوپا دادەگیرسێندرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاندبوو: رێکارە ئیدارەییەکان بۆ هێنانی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی ماڵان و 760 تۆن گازی شل لە عێراق دەستیپێکردووە
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، گوتوبووی: ساڵانە لە مانگی ئابەوە نووسراو ئاراستەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکەن بۆ نەوتی ماڵان و بۆ ئەمساڵیش داوای 268,710,600 لیتر نەوتی سپی ماڵانیان کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق پێی راگەیاندوون، ئەم بڕە ئامادە نییە، بۆیە 50 ملیۆن لیتر دەنێرن، واتە 19%ـی ئەو نەوتە دەنێرن، کە پێویستە بە خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
هەروەها روونیکردبووەوە، ئەو برەی هەرێمی کوردستان داوای دەکات لەسەر بنەمای ئاماری خێزانە لە پارێزگاکان کە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەینێرن و بە گوێرەی ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان 1,343,553 خێزان هەن کە بۆ هەر خێزانێک بڕی 200 لیتر نەوت دیاریکراوە، هاوکات بەو بڕەی عێراق دەینێرێت، 50 ملیۆن لیتر نەوتەکە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دابەش دەکرێت
پارێزگای سلێمانی: زیاتر لە 19 ملیۆن لیتر.