هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی تورکیا لە مەڵاتیا کەوتە خوارەوە
وەزارەتی بەرگریی تورکیا کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی وڵاتەکەی لە سنووری پارێزگای مەڵاتیا راگەیاند؛ هاوکات بەهۆی رووداوەکەوە ئاگر لە ناوچەکە کەوتووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی فریاگوزاری و سەربازی گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەکە.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی تورکیا (MSB)، کاتژمێر 18:45ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی سوپا لە جۆری (S-70) لە دەوروبەری گوندی "سامانکۆی" سەر بە شارۆچکەی "یەشیل یورت" لە پارێزگای مەڵاتیا (لە باکووری کوردستان)، بەهۆکارێکی نادیار رووبەڕووی رووداو بووەتەوە و کەوتووەتە خوارەوە.
وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوە کردووە کە تیمە پەیوەندیدارەکان گەیشتوونەتە شوێنی پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکە و دەستبەجێ پرۆسەی گەڕان و رزگارکردنیان دەستپێکردووە.
دەستبەجێ دوای کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە، ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کارەساتی لەناکاو (ئافاد - AFAD)، فریاکەوتنی خێرای 112 و ئاگرکوژێنەوە رەوانەی ناوچەکە کران.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەوە ئاگرێکی کەم لە دەوروبەری پاشماوەکەی کەوتووەتەوە، بەڵام بە خێرایی لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و کوژێندراوەتەوە.
هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی سەربازی لە شوێنی رووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، لایەنە فەرمییەکانی تورکیا وردەکاری زیاتر سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەخوارەوەکە و چارەنووسی سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە بڵاوبکەنەوە.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا (MSB) لە راگەیەندراوێکی نوێدا ئاشکرای کرد: "لە ئاکامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی سەربازیمان لە جۆری (S-70) لە سنووری پارێزگای مەڵاتیای بە هۆکارێکی نادیار، چوار سەربازمان گیانیان لەدەستدا ."
وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەیدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان و هێزە چەکدارەکانی تورکیا کردووە.