سێنتکۆم: رێگە نادەین ئێران نەوت هەناردە بکات
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم ) رایگەیاند، دووشەممەی رابردوو زیاتر لە 22 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە.
پێنجشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم ) رایگەیاند، رێگە بە ئێران نادەن نەوت هەناردە بکات و رایگەیاند: " ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران و پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و توندوتۆڵکردنی گەمارۆی دەریایی، هەروەها کار دەکەین بۆ زیادکردنی رێڕەوی کەشتییە بازرگانییەکان بە گەرووی هورمزدا".
سێنتکۆم روونیکردەوە، رێنماییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران جێبەجێ دەکرێت. هاوکات جەختیکردەوە: "هیچ شتێک لە رێگەی دەریاوە نە دەچێتە ناو ئێران و نە لێی دێتە دەرەوە، ئێرانییەکان بەهۆی بێهیواییانەوە لەبارەی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز درۆ دەکەن".
پێشتر ترەمپ جەختیکردبووەوە، ئەمریکا پێویستی بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران نییە، هاوکات رایگەیاندبوو، ئەمریکا سەدان ملیار دۆلاری پارەی ئێرانی بەدەستهێناوە و کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی کردووە.
ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکدا لە پلاتفۆڕمی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "ئێمە پێویستمان بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران نییە، ئەو رۆژانە بەسەرچوون. ئێمە پارەکەیانمان دەستدەکەوێت، بە سەدان ملیار دۆلار، گەرووەکەشیان بەدەستمانەوەیە".