حوسێن موحیبی: هێزی ئاسمانیی ئێران شکستی بە ئەمریکا و زلهێزەکان هێناوە

 گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، تواناکانی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی گەیشتوونەتە ئاستێک کە توانراوە هاوسەنگی لە بەرامبەر زلهێزە جیهانییەکاندا دروست بکات و ئەوان بەچۆکدا بدەن.

چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ هێزی ئاسمانیی سوپا بووەتە هێمای دەسەڵاتی ئێران و توانیویەتی لە ئاستێکی بەرزدا رکابەریی زلهێزەکان بکات.

حوسێن موحیبی هۆکاری ئەم پێشکەوتنە سەربازییەی بۆ دوو خاڵ گەڕاندەوە، یەکەمیان رێنمایییەکانی رابەری پێشووی کۆماری ئیسلامی، و دووەمیان ماندووبوون و پسپۆڕیی ئەو کەسانەی بنەمای ئەم هێزەیان دامەزراندووە.

رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەو لایەنانەی لە جەنگی دژ بە ئێران پاڵپشتییەکەیان کردوون، لەبەرامبەر هێزی ئێران و توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەدا بە تەواوی شکستیان هێناوە.

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بەردەم لایەنگرانی و فەرماندە سەربازییەکاندا گوتی: "ئەمەریکا جەنگی لەگەڵ ئێران دەستپێنەکرد، بەڵکوو دەبوو ئەم کێشەیە زۆر لەمەوبەر یەکلا بکرایەتەوە. لەم ئیدارەیەدا ئێمە هەموومان بەیەکەوە رووبەڕووی بووینەوە و بە توندی لێمان دان و سەرکەوتین. ئێستا تەنیا کاتی کۆتاییهێنانەکەی ماوە، ئێمەش سەرکەوتنێکی نیوەچڵ و 93%مان ناوێت، بەڵکوو سەرکەوتنی تەواوەتی و سەدا سەدمان دەوێت."

سەرۆکی ئەمەریکا سەرنجی خستە سەر لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و گوتی: "ئێمە رێگریمان لە ئێران کرد ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیجییەکانی جۆری B-2 ئەو بنکانەیان بە تەواوی لەناوبرد. پێویستی بە 25 ساڵ کارکردن هەیە تا بتوانن ئەوەی وێرانمان کردووە سەرلەنوێ دروستی بکەنەوە، و هیواداریشم چیتر پێویست نەکات هیچ شوێنێکی دیکەی ئەو وڵاتە وێران بکەین."

سەبارەت بە زیانەکانیش، ترەمپ روونی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە دژی ئێران 7 مانگ لەمەوبەر دەستی پێکرد و تەنیا چەند هەفتەیەکی شەڕی سەختی مەیدانی بووە، و گوتیشی: "18 رۆحی جوان و سەربازی ئازامان لەدەست دا، بەڵام کاتێک ئەم ململانێیە بەم زووانە کۆتایی دێت، سەرانسەری جیهان دەبێتە شوێنێکی زۆر سەلامەتتر، باشتر و ئارامتر، دوور لەو مەترسییە گەورەیەی کە ساڵانێک بوو بەدەستییەوە دەمانناڵاند."