هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئامادەکاری بۆ گەمارۆدانی جورفوسەخر دەکەن
بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، دوای ئاشکرابوونی تۆڕێکی گەورەی قاچاخکردنی نەوت لە ناوچەی "جورفوسەخر"، حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی پلانێکی سەربازیی دوو قۆناخی بۆ گەمارۆدان و چوونە ناو ئەو ناوچەیە داڕشتووە و، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق و هێزی بەرپەرچدانەوەی خێراش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی تشرینی دووەمی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، گوتی: لە دوای ئاشکرابوونی دۆسیەیەکی فراوانی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق لە ناوچەی "جورفوسەخر"، حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی پلانێکی تۆکمەی سەربازیی داڕشتووە بە مەبەستی چوونە ناو ئەو ناوچەیە و کۆنتڕۆڵکردنی لە لایەن دەسەڵاتی دەوڵەتەوە.
ئاماژەی بەوە کرد، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا، هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە پاڵ هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا (الرد السریع) خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی بەرزەوە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی ئۆپەراسیۆنەکە.
کوردستان24 زانیویەتی، ئێستا حکوومەت بە تەواوی پاڵپشتی لە بژاردەی چوونەژوورەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بۆ ناو جورفوسەخر دەکات و، دۆسیەکە خراوەتە بەردەم سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش؛ زۆرینەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش لەگەڵ ئەو هەنگاوەدان و چاوەڕوانی یەکلابوونەوەی تەواوەتیی پرۆسەکەن بۆ دەستپێکردنی جووڵەی هێزەکان.
سەبارەت بە شێوازی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، کە پلانەکە لە دوو قۆناخی سەرەکی پێکدێت:
قۆناخی یەکەم: گەمارۆدانی تەواوەتیی دەروازە و سنوورەکانی ناوچەی جورفوسەخر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.
قۆناغی دووەم: هەڵکوتانەسەر و چوونەژوورەوەی هێزە تایبەتەکان بۆ ناوچەکە بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەستبەسەرداگرتنی شوێنەکانی قاچاخی نەوت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، عەلی تورکی، پارێزگاری بابل لە پەیامێکی فەرمیدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند.
بە گوێرەی زانیارییەکان، دەستلەکارکێشانەوەی تورکی پەیوەندیی راستەوخۆی بە دۆسیەی قاچاخکردنی نەوتی جورفوسەخرەوە هەیە، دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی عێراق بڵاوکرایەوە کە تێیدا پەردە لەسەر تۆڕێکی فراوانی قاچاخی نەوت لەو ناوچەیە لادرابوو.
هەروەها چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ سەرۆکی لیژنە پەرلەمانییەکان کۆببووەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی راپۆرتە تەکنیکییە هەواڵگرییەکە سەبارەت بە ئۆپراسیۆنەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورفوسەخر، هاوکات لەگەڵ ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی پەیوەستن بە رێڕەوەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە کەرکووک و سلێمانی تا گەیشتن بە ئەفغانستان بە تێپەڕبوون بە خاکی ئێران.