داوا دەکرێت بڕیاری لەسێدارەدانی سەید رەزا هەڵبوەشێندرێتەوە
پارێزەرێک لە باکووری کوردستان بە فەرمی داواکارییەکی پێشکەش بە داواکاری گشتیی کۆماری لە دێرسم کرد، بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی سەید ڕەزا و هاوڕێکانی، کە لە ساڵی 1937 دادگایی کرابوون.
پارێزەر جیهان سۆیلەمەز سەردانی داواکاری گشتیی دێرسمی کرد و بە پشتبەستن بە بنەمای "هەڵوەشاندنەوە لە پێناو بەرژەوەندیی یاسادا"، داوای کرد بڕیاری دادگاییکردن و لەسێدارەدانی سەید رەزا، رێبەری شۆڕشی دێرسم و هاوڕێکانی، کە لە 14 و 15ـی تشرینی دووەمی 1937 جێبەجێ کرا، هەڵبوەشێندرێتەوە.
لە لێدوانێکدا لە کۆشکی دادی دێرسم، پارێزەر جیهان سۆیلەمەز رایگەیاند: "ئەو داواکارییەی بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوە لە پێناو یاسادا پێشکەشمان کردووە، لە بنەڕەتدا بە ئامانجی پووچەڵکردنەوەی بڕیارەکانی دادگاییکردنەکەی ساڵی 1937ـە، چونکە بڕیارەکە بە تەواوی پێچەوانەی بنەما سەرەکییەکانی ئەو سەردەمە بووە. ئەو بڕیارەی لە 14ـی تشرینی دووەمی 1937 درا و ڕۆژی دواتر لە 15ـی تشرینی دووەم جێبەجێ کرا، هەم پێچەوانەی دەستووری ساڵی 1924ـی کۆماری تورکیا بوو، هەم لە ڕوانگەی یاساییەوە بە پێشێلکارییەکی بەردەوام دادەنرێت و دەبێت سیستەمی دادوەریی تورکیا پێداچوونەوەی پێدا بکات."
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی بڕیارە پێشینەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و ماددە پەیوەندیدارەکانی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا، ئەگەر لێکەوتە و کاریگەرییەکانی بڕیاری ئەو جۆرە دادگا نائاساییانە تا ئەمڕۆش بەردەوام بن، دەبێت دەوڵەتی پەیوەندیدار بێ گوێدانە بەسەرچوونی ماوەی یاسایی ، ئەو ستەم و مافخواردنە نەهێڵێت و قەرەبووی بکاتەوە.
سۆیلەمەز لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بەو داواکارییەی ئەمڕۆ پێشکەشمان کردووە، داوامان کردووە وەزارەتی دادی تورکیا ئاگادارییەک ئاراستەی داواکاری گشتیی دادگای باڵای پێداچوونەوە (یاڕگتای) بکات، تاوەکو داواکاری گشتی داوای هەڵوەشاندنەوە لە پێناو یاسادا پەسەند بکات و سەرەنجام بڕیاری دادگا دژ بە سەید رەزا و کەسایەتی و پێشەوایانی دێرسم بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە."