رووسیا: هێشتا رەزامەندیمان نەداوە ئەوروپییەکان ئامادەی دانووستانەکانمان بن لەگەڵ ئۆکرانیا
رووسیا رۆژی هەینی رایگەیاند، هێشتا رەزامەندی لەسەر بەشداریکردنی ئەوروپییەکان لەو دانوستانانەدا نەداوە کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بەڕێوەدەچن؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هەریەک لە ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و جارید کۆشنر، نێردەی ئەمریکی رایانگەیاندبوو ئەوروپا لە گەڕی داهاتوودا بەشدار دەبێت.
لە میانەی ئەو دانوستانانەی سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ئەبوزەبی بەڕێوەچوون، نێردە ئەوروپییەکان کۆبوونەوەی جیاوازیان لەگەڵ شاندی ئۆکرانیا ئەنجام دا، بەڵام بەشدارییان لە کۆبوونەوە سەرەکییەکانی نێوان شاندەکانی کیێڤ و مۆسکۆدا نەکرد کە بە سەرپەرشتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچوون.
دوای وەرگرتنی زانیاری لە نێردە ئەمریکییەکان، زێلینسکی رایگەیاندبوو کە ئەوروپییەکان بەشداری لە دانوستانەکانی داهاتوودا دەکەن، هاوکات کۆشنەر، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاشتی گوتبووی "ناتوانرێت رێککەوتنی ئاشتی بەبێ بوونی ئەوروپییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەنجام بدرێت".
بەڵام کرێملین ئاماژەی بەوە دا کە هێشتا رەزامەندی لەسەر ئەو پرسە نەداوە. دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "کاتێک لە نیازە راستەقینەکانیان و ئامادەییان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاشتی تێگەیشتین، ئەوکات دەتوانین بڕیار لەسەر ئەنجامدانی دانوستان بە شێوازێکی فراوانتر بدەین."
پیسکۆڤ گوتیشی: "ئەگەر ئەوروپییەکان بەڕاستی کەسێکیان هەبێت کە لانیکەم بە شێوەیەک دەسەڵاتی گفتوگۆکردنی پێدرابێت، و ئەگەر بەڕاستی خواستی ئەو کارەیان هەبێت، ئەوا بێگومان ئێمە ئامادە دەبین گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەین."
لەلای خۆیەوە، ڤلادیمێر مێدینسکی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری رووسیا لە ئەبوزەبی، دوای دوایین کۆبوونەوەی سێقۆڵی رایگەیاند کە مۆسکۆ "تاکە دەستپێشخەرییەکی ئاشتی یان تاکە پێشنیازێکی کۆنکرێتیی ئاشتیی لە وڵاتانی ئەوروپاوە پێنەگەیشتووە" و گوتیشی: "روون نییە لەسەر چی لەگەڵ ئەوروپا گفتوگۆ بکەین."