پۆلیسی وزەی عێراق: هێزێکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی نەوت لە باشوور پێکهێنرا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وزەی عێراق پێکهێنانی هێزێکی نوێی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی دزین و قاچاخچێتیی نەوتی لە باشووری وڵات راگەیاند؛ هاوکات ئاشکرای کرد کە بەهۆی رێکارە ئەمنییە توندەکانەوە، دەستدرێژیکردنە سەر بۆرییە نەوتییەکان بە رێژەی 90% کەمی کردووە و دەست بەسەر زیاتر لە 420 تانکەری سەرپێچیکاردا گیراوە.
هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، حامد حوسەینی، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی (واع) رایگەیاند؛ پێشێلکاری و هەوڵی دزین تەنیا بۆرییەکانی نەوتی خاو ناگرێتەوە، بەڵکوو سەرجەم تۆڕی بۆرییەکانی گواستنەوە لە پارێزگاکاندا دەگرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم دواییانەدا لە رێگەی بەکارهێنانی هەستەوەری پێشکەوتوو و چاودێریی بەردەوامی قوفڵەکان، چەندین هەوڵی دزینی نەوت لە پارێزگای بەسرە پووچەڵ کراونەتەوە.
حامد حوسەینی ئاشکرای کرد بە مەبەستی پاراستنی بۆرییەکان، "هێزی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و دزین" لە ناوچەی باشوور پێکهێنراوە کە راستەوخۆ بە خۆیەوە بەستراوەتەوە و بەردەوام بە بیابانەکانی ناوچەکەدا دەگەڕێن بۆ چاودێریی تۆڕی فراوانی بۆرییەکان. ئەم هێزە توانیویەتی سێ هەوڵی دانانی قوفڵی نایاسایی بۆ دزینی نەوت لە کێڵگەی "سەببە" لە پارێزگای زیقار پووچەڵ بکاتەوە.
هەروەها بەڕێوەبەری پۆلیسی وزە بڕیاری داوە هێزەکانی مەغاویر بە شێوازێکی نوێ بەسەر کێڵگە نەوتییە سەرەکییەکاندا دابەش بکاتەوە، لەوانە: کێڵگەکانی رومێلەی باکوور و باشوور، سەببە، غەراف و ئەحدەب، تاوەکو وەک هێزێکی گەڕۆک پشتیوانی لە ئاسایشی کێڵگەکان بکەن کە قووڵایی هەندێکیان دەگاتە 40 کیلۆمەتر. داواشی کرد لانیکەم 5 هەزار پلەی وەزیفی بە شێوەی گرێبەست بۆ پۆلیسی وزە دابین بکرێت بۆ ئەوەی رێژەی کۆنترۆڵکردنی قاچاخچێتی بگاتە 100%.
بەڕێوەبەری پۆلیسی وزە باسی لەوە کرد کە بەهۆی دانانی کامێرای چاودێری، دەوریەی شەوانە، و هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری نەوت و کۆمپانیای هێڵەکانی بۆری، دزینی نەوت بە رێژەی 90% کەمی کردووە. لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانیشدا دەست بەسەر زیاتر لە 420 تانکەری سەرپێچیکاردا گیراوە کە دەستکاریی تانکەکانیان کردبوو یان رێڕەوی دیاریکراوی خۆیان گۆڕیبوو، هاوکات 26 بنکەی پسپۆڕ و دادوەرێکی تایبەت بۆ دۆسیەکانی دزینی نەوت دەستبەکار بوون.
هەروەها سەرچاوەکە بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراق (واع)ی ڕاگەیاندووە؛ لیژنەکە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی لەژێر ڕێکاری ئەمنیی توند و بە پاراستنی کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، چووەتە نێو ناوچەی جورف سەخر لە باکووری پارێزگای بابل، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی مەیدانی لێکۆڵینەوە لەو زانیاری و بەڵگەنامانە بکات کە لەسەر قاچاخچێتیی نەوت و گۆڕینی ڕێڕەوی هەناردەکردنی لەو ناوچەیەدا ئاشکرا کراون.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانەدا، سەرچاوەیەکی باڵا رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای دەرکردووە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و بەرفراوان لەبارەی دۆسیەکانی قاچاخچێتی و دزینی نەوت لە ناوچەی "جورف سەخر" (جورف نەسر) لە باکووری پارێزگای بابل.
بە گوێرەی نووسراوی فەرمیی ژمارە (2/ 98) کە لە رێکەوتی 12ـی تشرینی دووەمی 2026 بە واژۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووە، بڕیار دراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی ئینزیبات و ئاسایشی حەشدی شەعبی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکانی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە سنووری ناوچەی "جورف سەخر" (جورف نەسر).
هاوکات فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی راسپێردراوە بۆ دابینکردنی کاروانێکی سەربازیی پارێزراو بۆ گەیشتنی لیژنەکە لە کاتژمێر 9:00ی بەیانیی رۆژی هەینی 13ی تشرینی دووەم.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە راپۆرتێکی هەواڵگریی مەترسیدار لەلایەن "ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی" لە 14 لاپەڕەدا ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرا. لە راپۆرتەکەدا ئاشکرا کراوە کە قاچاخچێتیی نەوت گۆڕاوە بۆ تۆڕێکی رێکخراو و ئاڵۆزی گۆڕینی سەرچاوەی بەرهەمە نەوتییەکان تاوەکو لە دەرەوەی سیستەمی فەرمیی دەوڵەت بەرەو ئێران و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان ساغ بکرێنەوە.
هەروەها سەرنج خراوەتە سەر رێگەیەکی سەرەکی بە ناوی "رێڕەوی رۆژهەڵات" کە لە کێڵگەکانی کەرکووک و سلێمانییەوە دەست پێدەکات و پشکە فەرمییەکانی نەوت پێش گەیشتنیان، لەلایەن مافیا و تۆڕەکانی قاچاخچێتییەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و دەگوازرێنەوە.