وەزارەتی دادی عێراق: هۆبەی تایبەت بە سکاڵای کوردانی فەیلی دەستبەکار بوو

وەزارەتی دادی عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، هۆبەی تایبەت بە وەرگرتنی سکاڵا و داواکارییەکانی کوردانی فەیلی بە شێوەیەکی کردەیی دەستی بە راپەڕاندنی کارەکانی کردووە.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە، "لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خالد شوانی، وەزیری داد و سەرۆکی لیژنەی فەرمانی دیوانیی ژمارە (80)ی ساڵی 2026 تایبەت بە کوردانی فەیلی، سەبارەت بە پێکهێنانی هۆبەیەکی تایبەتمەند بۆ وەرگرتنی سکاڵاکانیان، هۆبەکە دەستی بە کارەکانی کرد و پێشوازی لە هاووڵاتییان و داواکارییەکانیان دەکات."

وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی گرنگیدانی زیاترە بەم پێکهاتەیە کە لە سەردەمی رژێمی بەعس رووبەڕووی سیاسەتی چەوساندنەوە و پەراوێزخستن بوونەتەوە.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ئامانج لەم هۆبەیە بەدواداچوونی بەردەوامە بۆ کاروباری کوردانی فەیلی و بەدەنگەوەهاتنی داواکارییەکانیان، بە شێوەیەک سکاڵا و داواکارییەکان دوای لێکۆڵینەوە، راستەوخۆ دەخرێنە بەردەم وەزیری داد و لە رێگەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، بەپێی یاسا و رێکارە کارگێڕییە کارپێکراوەکان چارەسەر دەکرێن.