فوئاد حوسێن: داخستنی سنوورەکان لەگەڵ ئێران سزادانی گەلی عێراقە

وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا هەڵوێستی فەرمیی بەغدای لەبارەی گەمارۆکانی ئەمەریکا، دۆسیەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەناردەکردنی نەوت، و چەکدارکردنی گرووپەکان خستەڕوو و رایگەیاند، داواکاریی واشنتن بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران مەحاڵە.

هەینی 13ـی تشرینی دووەمی  2026، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فرانس24"، لە دەستپێکی چاوپێکەوتنەکەدا، ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی توانیویەتی لەژێر پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکادا، هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دەست پێبکاتەوە.

فوئاد حوسێن گوتی، لە ماوەی مانگ و نیو بۆ دوو مانگی رابردوودا دەستیان بە هەناردەکردنی نەوت لە رێڕەوی دەریایی عومانەوە کردووە و لە قۆناخی سەرەتادا رۆژانە 2.2 ملیۆن بەرمیل بووە، بەڵام ئێستا بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی نەوت، ئاستی هەناردەکردن لەو رێڕەوەوە گەیشتووەتە 3.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە رۆژانە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت، جیا لەوەی پڕۆژەی دیکەیان لەگەڵ سووریا و ئوردن لەبەردەستدایە بۆ دۆزینەوەی رێڕەوی نوێی هەناردەکردن.

رەتکردنەوەی داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران

سەبارەت بە گوشارەکانی واشنتن بۆ سەر حکوومەتی عێراق بە مەبەستی داخستنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران جگە لە دوو دەروازە، جەختی کردەوە، ئەو داواکارییە ناواقیعییە و جێبەجێکردنی مەحاڵە، چونکە بەهۆی سنووری درێژی نێوان هەردوو وڵات و پەیوەندییە بەهێزە ئابوورییەکانەوە، دەبێتە جۆرێک لە سەپاندنی سزا بەسەر گەلی عێراقدا. وەزیری دەرەوە روونی کردەوە کە تا ئێستا ئەو داواکارییەیان جێبەجێ نەکردووە و لە گفتوگۆدان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا بۆ روونکردنەوەی ئەو دۆخە.

دۆسیەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسانی تاران لەبارەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێم، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە لەم بارەیەوە دانوستان لە نێوان عێراق و ئێران بە بەشداریی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لەم دواییانەشدا کۆبوونەوەی لەسەر کراوە.

فوئاد حوسێن هیواخوازیی خۆی دەربڕی کە ئەم کێشەیە دوور لە توندوتیژی و لە رێگەی بژاردەی دیکەی وەک لێبوردنی گشتییەوە چارەسەر بکرێت تاوەکو ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە.هاوکات دووپاتی کردەوە کە بەپێی دەستوور و سیاسەتی نەگۆڕی عێراق، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێتە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

پەیوەست بە لێکۆڵینەوە لە هێرشی درۆنیی مانگی ئەیلوولی رابردوو بۆ سەر سعوودیە لە خاکی عێراقەوە، پشتڕاستی کردەوە کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران لێکۆڵینەوە کراوە و دەرکەوتووە هێرشەکە لە ناوچەیەکی سنووریی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجام دراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن تا هەموو راستییەکان یەکلا بکرێنەوە و ئەنجامەکەی بڵاو بکرێتەوە.

هەروەها بە تەواوی بوونی هەر یەکە و هێزێکی سەربازیی فەرمیی ئێرانی لە ناو خاکی عێراقدا بە دوور زانی و رەتی کردەوە.

مۆڵەتی چەکدانانی گرووپەکان و رەتکردنەوەی جەنگ لە ناوچەکەدا

سەبارەت بە چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان و هێنانە ژێر رکێفی دەوڵەت، وەزیری دەرەوە رایگەیاند کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، خۆی سەرپەرشتیی دانوستانەکان دەکات و تا ئێستا بەشێک لە گرووپەکان رەزامەندییان دەربڕیوە و لەگەڵ ئەوانی دیکەش گفتوگۆ بەردەوامە.

جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەت بە تەواوی دژی پەنابردنە بۆ بژاردەی سەربازی چونکە دەبێتە هۆی شەڕی ناوخۆ، و ئاشکراشی کرد کە لایەنی ئەمەریکی بە دواخستنی وادەی کۆتایی بۆ مانگی حوزەیرانی ساڵی 2027 رازی بووە تاوەکو رێگە بە دیپلۆماسی و چارەسەری ناوخۆیی بدرێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە قۆناخی "نە شەڕ و نە ئاشتی" ناوبرد و هۆشداری دا لەوەی گەورەترین کابووس بۆ خەڵکی عێراق دووبارە هەڵگیرسانەوەی جەنگە لە ناوچەکەدا، چونکە عێراق بەدرێژایی چەندین دەیە بەدەست ماڵوێرانیی جەنگەوە ناڵاندوویەتی و سەرجەم خێزانەکان باجەکەیان داوە، بۆیە ئەرکی سەرەکیی بەغدا ئەوەیە رێگری لە هەر جەنگێکی نوێ بکات.

لەبارەی سەردانەکەی زەیدی بۆ ئێران و کۆبوونەوە لەگەڵ محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، گوتی: زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە ئێستا هەوڵی نێوەندگیری دەدەن، چونکە جەنگەکە ئێستا جەنگێکی ناوچەییە هی دوو لایەن نییە، عێراقیش لەو جەنگە تێوەگلاوە بۆیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ چوو ئێران.