سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە
بە نووسراوێکی فەرمی بانگهێشتی جێگری سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی بە پەلە و نائاسایی لە رۆژی شەممە، بە مەبەستی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک.
بە پێی نووسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کراوە، بانگهێشت بۆ بەستنی دانیشتنێکی بە پەلە و نائاسایی کراوە بە مەبەستی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک.
هەر بە پێی نووسراوەکە، دانیشتنەکە لە کاتژمێر 2ـی پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، رێکەوتی 14ـی تشرینی دووەمی 2026، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوە دەچێت.
هەر بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی کوردستان24، بەرەی تورکمانی قەحتان وەندیی وەک کاندیدی فەرمیی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەستنیشان کردووە و، بڕیارە لە دانیشتنە نائاساییەکەی سبەینێی ئەنجوومەنی پارێزگادا دەنگی پێ بدرێت.
رۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێک لە ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەن دەستنیشان کران، کە لە لایەن بەشێکی ئەندامانی عەرەبەوە بریتی لە رەعد ساڵح، محەممەد حافز و زاهیر عاسی پشتیوانییان لێکرا.
هەروەها رۆژی 16ـی نیسانی 2025، رێبوار تەها پۆستی پارێزگاری کەرکووکی رادەستی تورکمان کرد و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک محەمەد سەمعانی بە پارێزگار هەڵبژارد.
پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک، وەک وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی عێراق سوێندی یاسایی خوارد.