یەکێتیی ئەوروپا نوێنەری تایبەتی بۆ دانوستانەکانی ئۆکرانیا دیاریدەکات
یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، تیمێکی دیپلۆماتکار دەنێرێت نوێنەرایەتی وڵاتانی سەرانسەری کیشوەرەکە دەکەن بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئاشتی سەبارەت بە ئۆکرانیا.
هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا گوتی: "کیشوەرەکە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و پێنج وڵات لە هاوپەیمانی ئارەزوومەندان پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەن، نوێنەرایەتی دەکرێت". ئەو وڵاتانەش بریتین لە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و پۆڵەندا.
لێدوانەکانی کۆستا لە کۆتایی لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە دەبلن هات، کە گفتوگۆکانی تایبەت بە رێگاکانی رۆڵی ئەوروپا لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا و پاراستنی ئاسایشەکەی بەسەر لووتکەکەدا زاڵ بوون. ئەم دۆخە لە میانی ئەو دانوستانانەدا هات کە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی نزیکەی 5 ساڵە بەردەوامە.
سەرکردە ئەوروپییەکان نیگەرانن لەوەی ئەو دانوستانانەی ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات، ببێتە هۆی پەراوێزخستنی رۆڵیان و بەجێهێشتنی کیێڤ لە پێگەیەکی لاوازدا، لە کاتێکدا مۆسکۆ و واشنتن چارەنووسی ململانێیەک دیاری دەکەن تەواوی کیشوەرەکەی هەژاندووە.
ئۆکرانیا چاوەڕێی بەدەستهێنانی پشتیوانی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دەکات و نایەوێت دانوستانەکان بە تەواوی لە دەستی ئیدارەیەکی ئەمریکیدا بێت، زۆرجار وادەردەکەوێت لە دیتنی تێڕوانینەکانی مۆسکۆوە نزیکتر بێت.
لە بەرامبەردا، رووسیا نایەوێت وڵاتە ئەوروپییەکان لە دانوستانە راستەوخۆکاندا بەشدار بن. مۆسکۆ سکاڵا دەکات لەوەی وڵاتانی ئەوروپا پشتیوانی دارایی هەوڵە سەربازییەکانی ئۆکرانیا دەکەن و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەن.