رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: گۆڕانی کەشوهەوا 200 ملیۆن کەس ئاوارە دەکات
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ هۆشداریدا، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زیاتر لە 200 ملیۆن کەس ناچار دەبن شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بەجێبهێڵن. هاوکات رەخنەی لەوە گرت ملیاران دۆلار بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان تەرخان دەکرێت، لە کاتێکدا پێویست بوو ئەو پارەیە بۆ هەوڵەکانی خۆگونجاندن لەگەڵ لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەکاربهاتایە.
هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەیمی پۆپ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە دیدارێکی ئاژانسی فرانس پرێس لە پەراوێزی کۆنفرانسی کەشوهەوای "کۆپ 31" لە تورکیا گوتی: "زیاتر لە 200 ملیۆن کەس لەو کۆمەڵگەیانەدا دەژین کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە و رووبەڕووی مەترسیی ئاوارەبوون دەبنەوە".
هەروەها جەختیکردەوە: "ئەگەر ئێستا هەنگاو نەنێین، ئەم کۆچکردنەی دانیشتووان بە شێوەیەکی بەرچاو پەرە دەسێنێت".
بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە ساڵی 2025 نزیکەی 30 ملیۆن کەس بەهۆی زریان، وشکەساڵی، ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، شەپۆلەکانی گەرما و لافاوەوە ئاوارە بوون.
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ نیگەرانیی خۆی بۆ نەبوونی سیاسەتێک دەربڕی کە هۆکارەکانی پاڵنەر بۆ ئاوارەبوون چارەسەر بکات، لە کاتێکدا ملیاران دۆلار بۆ پاراستنی سنوورەکان خەرج دەکرێت.
پۆپ گوتی: "زۆرجار داوامان لێ دەکرێت یارمەتیی حکوومەتەکان بدەین کاتێک رووبەڕووی حاڵەتەکانی کۆچی نایاسایی دەبنەوە. ئێمە زۆر بە باشی لەو تێچوونە زۆرە تێدەگەین کە لەوانەیە لێکەوتەی هەبێت و دەزانین چەند ژیان لەوانەیە لەدەستبچێت".
پۆپ روونیکردەوە، یارمەتیدانی ئەو کۆمەڵگەیانەی مەترسییان لەسەرە بۆ ئەوەی جێگیریی خۆیان بەهێز بکەن، کارێکی کاریگەرتر دەبێت.
پۆپ جەختیکردەوە، پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان ئەو کۆچکردنەی پەیوەستە بە کەشوهەوا و ئەو کۆچکردنەی پەیوەستە بە ململانێکانەوە هەیە، بۆیە دەبێت هەموو وڵاتان و لایەنەکانی پەیوەندار، هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا چڕ بکەنەوە، تا ڕێگری ئەو رێژە زۆرەی کۆچکردن بگیرێت.