یەکێتیی ئەوروپا: لەگەڵ دەستپێکردنەوەی جەنگی ئێران نین
گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپا هۆشداریی دا کە هەر هەڵکشانێکی نوێی سەربازی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا لێکەوتەی زۆر مەترسیداری بۆ تەواوی ناوچەکە دەبێت و داوای کرد دەرفەت بە دیپلۆماسی بدرێت؛ هاوکات بە توندی سەرکۆنەی هەر ئاستەنگێکی بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز کرد و جەختی کردەوە کە نابێت هیچ باج و سەرانەیەکی نایاسایی لەو رێڕەوە دەریاییەدا بسەپێنرێت.
شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژێک لە یەکێتیی ئەوروپا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24"، هۆشداریی دا لەوەی کە هەر هەڵکشانێکی نوێی سەربازی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئێراندا دەکرێت لێکەوتەی زۆر قورس و مەترسیداری بۆ تەواوی ناوچەکە هەبێت، هاوکات داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن و دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان بدەن.
گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەوروپا جەختی کردەوە، زۆر گرنگە هەموو کارەکتەرەکان لە هەر کردەوەیەک خۆیان بەدوور بگرن کە ئاسۆی گەیشتن بە چارەسەرێکی دانوستانکارانە دەخاتە مەترسییەوە، چونکە یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام بڕوای تەواویان وایە کە تەنیا دیپلۆماسی دەتوانێت چارەسەرێکی بەردەوام بۆ سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەکان بهێنێتە ئاراوە.
لەم چوارچێوەیەشدا، یەکێتیی ئەوروپا ستایشی هەوڵەکانی دەوڵەتی قەتەر و هاوبەشە هەرێمییەکانی دیکەی کرد بۆ نێوەندگیری، و ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ سەرخستنی دانوستانەکان لە رێگەی بەکارهێنانی کارتی ئابووری، پێشکەشکردنی شارەزایی تەکنیکی لە دۆسیەی ئەتۆمدا، هاوکاریکردن لە ئاسایشی دەریایی و بەکارهێنانی کەناڵە راستەوخۆکانی پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا لەوانەش تاران.
سەبارەت بە گرژییەکانی گەرووی هورمز و هەڕەشەکان بۆ سەر کەشتیوانی، گوتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا بە توندی سەرکۆنەی هەر هەوڵێکی کرد کە ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دروست دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد، ئازادیی کەشتیوانی و مافی تێپەڕبوونی ئازاد و پارێزراو بە نێو گەرووی هورمزدا لە یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان (UNCLOS) گەرەنتی کراوە، بۆیە هەر رێککەوتنێکی داهاتوو لەسەر ئەم گەرووە دەبێت بە تەواوی پابەندی ئەو بنەمایانە بێت و رێگری بکرێت لە سەپاندنی هەر سەرانە، باج یان کۆتوبەندێکی نایاسایی کە شێوازی بەڕێوەبردنی گەرووەکە تێکبدات.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24، گوتەبێژەکە روونی کردەوە کە یەکێتیی ئەوروپا لە شوباتی ساڵی 2024ەوە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی دەریایی بەرگریی "ئەسپایدس" رۆڵێکی کارای لە پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان، سەلامەتیی دەریاوانان و زامنکردنی ئاسایشی ئەو رێڕەوە گرنگە دەریاییەدا گێڕاوە.
هەروەها ئاشکرای کرد کە بەڵێننامەی تایبەتی یەکێتیی ئەوروپا بە ناوی "بێ باج و سەرانە"، کە لە تشرینی یەکەمی 2026دا بۆ رێگریکردن لە سەپاندنی باجی نایاسایی بەسەر کەشتییەکاندا راگەیەندرا، تاوەکو ئێستا 67 دەوڵەتی جیهان پەیوەندییان پێوە کردووە و پشتیوانییان لێکردووە.
مەترسیی هەڵکشانی نوێی سەربازی لە نێوان واشنتن و تاران لە کاتێکدایە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی راستەوخۆی نێوان ئەمەریکا، ئیسرائیل و ئێران لە مانگی شوباتی رابردووەوە، لە بەردەم قووڵترین ئاڵۆزیی ئەمنیدایە. سەرەڕای کەمبوونەوەی رێژەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان بەراورد بە مانگەکانی سەرەتای جەنگ، بەڵام بەردەوامیی سزاکان، دۆسیەی ئەتۆمی و ململانێ لەسەر ئاسایشی کەنداو، هێشتا مەترسیی سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی فراوانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
گەرووی هورمز کە بە شادەماری سەرەکیی گواستنەوەی وزەی جیهان دادەنرێت، پێش سەرهەڵدانی ئەم جەنگە رۆژانە نزیکەی پێنج یەکی نەوت و گازی شلی پێدا تێپەڕ دەبوو. بەهۆی گۆڕانکارییە سەربازییەکان و هەوڵەکانی تاران بۆ سەپاندنی کۆنتڕۆڵ و دیاریکردنی رێڕەوی تایبەت بەسەر کەشتییە بازرگانییەکاندا، لەپاڵ گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێران، هێڵی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی تووشی شڵەژانێکی بێوێنە بووە و ترسی سەپاندنی باج و سەرانەی نایاسایی نیگەرانیی گەورەی لەلای وڵاتانی هاوردەکاری نەوت دروست کردووە.