دانەگاز: زیانێکی زۆر بەر کۆرمۆر کەوتووە و ناتوانرێت گاز بەرهەم بهێنرێت

کۆمپانیای دانەگاز لە روونکردنەوەیەکدا دووپاتی کردەوە، بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کەوتووە، تا ئێستا ناتوانرێت هیچ بڕە گازێک بەرهەم بهێنرێت.

شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژی کۆمپانیای دانەگاز، لە روونکردنەوەیەکدا دۆخی کێڵگەی گازی کۆرمۆری روون کردەوە و ئەو لێدوانانەی رەت کردەوە کە لە بەشێک لە میدیاکاندا لەو بارەیەوە بڵاو دەکرێنەوە.

لە روونکردنەوەکەی کۆمپانیای دانەگازدا هاتووە، ژمارەیەک لە میدیاکان بەبێ بوونی زانیاریی دروست، لێدوانی ناڕاست سەبارەت بە دۆخی کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەدەن.

کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردەوە، وەک پێشتریش لە لایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە راگەیەندراوە، زیانێکی گەورە بەر کێڵگەکە کەوتووە و ئێستا ناتوانرێت هیچ بڕە گازێک بەرهەم بهێنرێت.

لە شەوی 8ـی تشرینی دووەمی 2026، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ. بە پێی راگەیەنراوێکی کۆمپانیای دانەگاز، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام پڕۆسەی بەرهەمهێنان تاوەکو هەڵسەنگاندنی زیانەکان راگیراوە.

بەهۆی ئەم رووداوەوە، ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بە تەواوی وەستا و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەباش لە 3700 مێگاواتەوە بۆ نزیکەی 1000 مێگاوات دابەزی، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی پێنج بۆ شەش کاتژمێری پێدانی کارەبای نیشتمانی.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە، لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا.

کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی گازەکەی لە رێگەی لوولەوە رەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو گازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800  ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.