ئەمریکا پێشنیاری کردووە بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ کیێڤ دەست لە خاکی دۆنباس هەڵبگرێت

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، دانوستانکارانی ئەمریکی لە بەرامبەر ئەندامێتی لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، پێشنیاری کشانەوەی ئۆکرانیایان لە ناوچەی دۆنباس خستووەتەڕوو. گوتیشی، ئەم پێشنیارە دوای خولی دانوستانەکان لەگەڵ رووسیا لە ئەبوزەبی هاتووە.

شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، گوتی: ئەمە یەکەمجارە لە کاتی دانوستانەکاندا پرسی بەستنەوەی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانیی ناتۆ، بە دەستبەرداربوون لە خاک دەورووژێندرێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: ئەمریکییەکان پرسیارێکیان کرد: ئەگەر ئۆکرانیا بچێتە نێو ناتۆ، ئایا ئۆکرانیا لە دۆنباس دەکشێتەوە؟ هاوکات گوتیشی، ئەوان گوێبیستی پلان و پێشنیارەکانی ڤلادیمێر پووتین بوونە، بۆیە ئەوە بۆ ئێمە سەختە و دانوستانێکی دژوار دەبێت، چونکە ئێمە ئامادەنین دەستبەرداری خاکەکە بین.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڤلادیمیر پووتین ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ بە هێڵێکی سوور بۆ مۆسکۆ دەزانێت و ئەو پرسە بە یەکێک لە هۆکارەکانی دەستپێکردنی هێرشی رووسیا لە ساڵی 2022 ناو دەبات.

زێلینسکی جەختیکردەوە، کیێڤ نیازی نییە دەستبەرداری خاکەکەی ببێت. لەگەڵ ئەوەشدا گوتی، ئەگەر پاکێجێکی گشتگیر بەدەست بێت کە گەرەنتییە ئەمنییەکان، مافی بونیاتنانی سوپایەکی نیشتمانیی بەهێز، دابینکردنی دارایی و بودجەی ئاوەدانکردنەوەی تێدا بێت، ئەوا ئەو پرسە دەخاتە بەردەم راپرسییەکی نیشتمانی.

هاوکات زێلینسکی پشتگیری لە هەڵوێستی سەرکردە ئەوروپییەکان کرد لە کۆبوونەوەکەیان لە دوبلین کە هەینی ئەنجامدرا. ئەو سەرکردانە داواکارییەکەی رووسیایان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیرتر لەسەر پێکهاتەی ئەمنیی ئەوروپا بەر لە رێککەوتن لەسەر وردەکارییەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، رەتیکردەوە.

سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: ناتوانین هەموو شتێک بە پێچەوانەوە بکەین و دەست بە قسەکردن بکەین لەسەر گۆڕینی چوارچێوەی ئەمنیی جیهان یان تەواوی کیشوەرەکە و دواتر باسی کۆتاییهێنان بەم جەنگە بکەین. دەبێت سەرەتا ئەم جەنگە کۆتایی پێبێت.

هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیا پێشنیارەکەی پووتینی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی خۆجێیی بە مەبەستی مرۆیی لە کۆستیانتینیڤکا رەتیکردەوە. ئەو ناوچەیەی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا شایەتحاڵی شەڕی قورسە و زێلینسکی پێیوایە پێشنیارەکە گوزارشت لە شکستی مۆسکۆ دەکات لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە بە هێز. رایگەیاند، پێشتر دەرفەتی گواستنەوە بۆ مەدەنییەکانی ئەو ناوچەیە رەخسێندراوە.

زێلینسکی گوتیشی: پووتین بە سادەیی دەیەوێت ئێمە کۆستیانتینیڤکا بەجێبهێڵین تا بتوانن پێشڕەوی بکەن و بەو شێوەیە دەست بەسەر تەواوی ناوچەکەدا بگرن.

سەرۆکی ئۆکرانیا ئەوەشی خستەڕوو، ئۆکرانیا لیستێکی لە 7 بۆ 8 گوندی دیکەی سەر هێڵی بەرگری پێشکەشکردووە، مەدەنییەکان و لەنێویاندا منداڵان لەوێ گیریان خواردووە و چاوەڕێی ئاگربەستێکی مرۆیی ئەگەری دەکەن. زێلینسکی رووسیای بەوە تۆمەتبار کرد پێیوایە بەکارهێنانی ئەو مەدەنییانە وەک ئامانجی سەربازی باشترە.

جارد کوشنەر، نێردەی ئەمریکا پێنجشەممە رایگەیاند، پێشکەوتن لە هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بەدیهاتووە. ئەمەش دوای دانوستانەکان لە ئەبوزەبی، مۆسکۆ و دوبلین بووە. کوشنەر ئاماژەی بەوەش کرد کە مۆسکۆ و کیێڤ رێککەوتوون لەسەر بەشداریکردنی ئەوروپییەکان لە خولی داهاتووی دانوستانەکان و کارکردن بۆ رێکخستنی ئەوە رەنگە گەورەترین پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان بێت لە سەرەتای جەنگەکەوە لە شوباتی 2022.

بەشداریکردنی ئەوروپا لە دانوستانەکانی داهاتوودا یەکێکە لەو دۆسیانەی لە ماوەی جووڵە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەدا دەرکەوتووە، بەتایبەت لەگەڵ خستنەڕووی پرسی تاوتوێکردنی رێکخستنە ئەمنییەکانی ئەوروپا لە قۆناخی دوای جەنگ لەلایەن مۆسکۆوە.

بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، داواکارییەکانی رووسیا بریتییە لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی ئەمنیی ئەوروپا، لەنێویاندا پرسی جێگیرکردنی هێزەکانی ناتۆ لە وڵاتە ئەوروپییەکانی هاوسنوور لەگەڵ رووسیا، وەک بەشێک لە گفتوگۆکانی تایبەت بە بەشداریکردنی ئەوروپییەکان لە هەر جۆرە چارەسەرێک.