عەممار حەکیم: پێویستە کێشەی چەکی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت چارە بکرێت

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، رایگەیاند: عێراق رۆڵی نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەگێڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان؛ هاوکات جەختی کردەوە کە بژاردەی لێکتێگەیشتن لە شەڕ باشترە.

شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە کرد، گرنگە کێشەی چەکی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت لە ژێر هەر ناونیشانێکدا بێت چارە بکرێت؛ جەختیشی لە پێویستیی پابەندبوون بە دەستوورەوە کردەوە کە رێگە نادات عێراق ببێتە پێگە یان رێڕەوێک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ.

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، داوای کۆتاییهێنان بە دۆخی گرژی لە ناوچەکەدا کرد و روونی کردەوە کە رووداوەکانی ناوچەکە چەندین گۆڕانکارییان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی لێ کەوتووەتەوە و عێراقیش لە ریزی زیانمەندترین وڵاتاندایە بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتەوە.

هاوکات ئاماژەی بە رۆڵی نێوەندگیریی عێراق لە نێوان ئێران و ئەمریکادا و، جەختی کردەوە، بژاردەی لێکتێگەیشتن لە شەڕ و لە دۆخی نەشەڕ و نائاشتیش باشترە.

پرسی کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە عێراقدا، یەکێکە لە هەستیارترین دۆسیە ئەمنی و سیاسییەکانی وڵات کە راستەوخۆ پەیوەستە بە سەروەریی نیشتمانی و جێبەجێکردنی دەستوورەوە؛ هەروەها دوای کۆتاییهاتنی ئەرکە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2026، ئەم دۆسیەیە پێی ناوەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە و بووەتە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە بۆ دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق.

بەغدا رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2026ـی وەک دەستپێکی قۆناخێکی کرداری راگەیاند و، رێکەوتی 30ـی حوزەیرانی 2027ـی وەک دوا مۆڵەت دیاری کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی چەکی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و رێکخستنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان.