ئەو مووچەخۆرانەی بەشەخۆراکیان بڕابوو بۆیان دەگەڕێندرێتەوە

بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، بە بڕیاری حکوومەتی عێراق، بەشێک لە کارمەندانی پاسەوانی سنوور کە مووچەکانیان ملیۆنێک دینار بووە، بەشەخۆراکی مانگانەیان بڕابوو، گوتیشی، دوای وردبینی لە دۆسیەکەیان دەرکەوت بە هەڵە بڕاوە و بۆیان دەگەڕێتەوە. 

شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، سیامەند قادر، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی، بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی مانگانەی ئەو مووچەخۆرانەی بڕی مووچەکەیان یەک ملیۆن دینارە، لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە هەموارکراوەتەوە، و بڕی مووچەی دیاریکراو بە مەبەستی بڕینی بەشەخۆراکیان کراوە بە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار.

بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر گوتیشی، پێشتر بە گوێرەی ئەو بڕیارەی درابوو، بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێم کە مووچەکانیان لەسەر حکوومەتی عێراقە، بەشەخۆراکیان بڕابوو، بەڵام دوای هەموارکردنەوەی بڕیارەکە و گۆڕینی بڕی دیاریکراوی مووچەکانیان، بەشەخۆراکی بەشێک لەو فەرمانبەرانە گەڕێبراوەتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە، ئەو کەسانەی کە ماونەتەوە، بە تایبەت لە پاسەوانانی سنوور، بەمنزیکانە بەشەخۆراکی سەرجەمیان دەگەڕێتەوە و دەتوانن سەردانی بریکارەکان بکەن و وەریبگرن.

بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکەی حکوومەتی عێراق، هەر مووچەخۆرێک بڕی مووچەکەی بگاتە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار، بەشەخۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت، بەڵام بڕیارەکە تەنیا سەرۆکی خێزان دەگرێتەوە نەک هەموو ئەندامانی خێزان.

لە کۆتایی قسەکانیدا  بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر، رایگەیاند، ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراق لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست جێبەجێکراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە هۆی دۆخی دارایی و دواکەوتنی مووچەوە، وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە و هیچ وادەیەکی دیاریکراویش بۆ جێبەجێکردنی دەستنیشان نەکراوە.