سەباح نوعمان: 9 بەرپرسی باڵا لەسەر دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت دوورخراونەوە

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاری دا بە رەوانەکردنی تەواوی تۆمەتبارانی دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەی "جورف سەخر" (جورف نەسر) بۆ بەردەم دادگا، هاوکات لەسەر هەمان دۆسیە نۆ فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئەمنی و کارگێڕیی پارێزگای بابلی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.

شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند؛ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنیی کردووە، کە تێیدا دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەی "جورف سەخر" (جورف نەسر) لە پارێزگای بابل تاوتوێ کراون.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لێژنەی لێکۆڵینەوە راستیی ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردووەتەوە کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵگریی فیدراڵییەوە خرابوونەروو، سەبارەت بە بوونی چەندین پاڵاوگەی نایاسایی و بەقاچاخبردنی نەوت و دەستکاریکردنی بەڵگەنامەکان لە سنوورەکەدا.

لە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کرد بە رەوانەکردنی تەواوی تۆمەتباران بۆ دادگا و لەسەرکارلادانی ئەم بەرپرسانە:

1. فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بابل.

2. بەڕێوەبەری پۆلیسی باکووری بابل.

3. بەڕێوەبەری هەواڵگری و دژەتیرۆری بابل لە وەزارەتی ناوخۆ.

4. بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی لە بابل.

5. بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئاسایشی بابل لە وەزارەتی بەرگری.

6. بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری لە بابل.

7. فەرماندەی حەشدی شەعبی لە بابل.

8. فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە لە وەزارەتی ناوخۆ.

9. بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵەکانی بۆڕیی نەوت لە وەزارەتی نەوت.

هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان هۆشداریی دایە تەواوی فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆن، فەرماندەکانی پۆلیس لە پارێزگاکان و سەرپەرشتیارانی دەزگا ئەمنییەکان، کە بەرپرسیاری تەواو لە ئەستۆ دەگرن بەرامبەر هەر حاڵەتێکی قاچاخچێتی کە لە سنووری دەسەڵاتیاندا روو بدات، و گوتیشی: لە هیچ شوێنێکی عێراق رێگە نادرێت تەنانەت یەک بست خاک بۆ قاچاخچێتی بەکاربهێنرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیشی کردەوە، حکوومەت بە تەواوی پابەندە بە پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی توندی قاچاخچێتیی نەوت، رێگەش بە هیچ لایەنێک نادرێت دەستکاریی سامان و سامانی نیشتمانیی وڵات بکات.

دوێنێ هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی نووسراوی فەرمیی ژمارە (2/ 98) کە لە رێکەوتی 12ـی تشرینی دووەمی 2026 بە واژۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووبوو، بڕیار درا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی ئینزیبات و ئاسایشی حەشدی شەعبی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکانی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە سنووری ناوچەی "جورف سەخر" (جورف نەسر).

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە راپۆرتێکی هەواڵگریی مەترسیدار لەلایەن "ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی" لە 14 لاپەڕەدا ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرا. لە راپۆرتەکەدا ئاشکرا کرابوو کە قاچاخچێتیی نەوت گۆڕاوە بۆ تۆڕێکی رێکخراو و ئاڵۆزی گۆڕینی سەرچاوەی بەرهەمە نەوتییەکان تاوەکو لە دەرەوەی سیستەمی فەرمیی دەوڵەت بەرەو ئێران و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان ساغ بکرێنەوە.

هەروەها سەرنج خراوەتە سەر رێگەیەکی سەرەکی بە ناوی "رێڕەوی رۆژهەڵات" کە لە کێڵگەکانی کەرکووک و سلێمانییەوە دەست پێدەکات و پشکە فەرمییەکانی نەوت پێش گەیشتنیان، لەلایەن مافیا و تۆڕەکانی قاچاخچێتییەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و دەگوازرێنەوە.