ماکرۆن: ئاسایشی ئۆکرانیا ئاسایشی فەرەنسایە و دەیپارێزین

 سەرۆکی فەرەنسا لە پەیامێکدا بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئەوەی لە ئۆکرانیا روودەدات راستەوخۆ پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، چونکە ئاسایشی بەکۆمەڵی ئێمە لە ئارادایە و یارمەتیدانی ئۆکرانیا بۆ بەرگری لەخۆکردن، بە واتای پاراستنی فەرەنسا و گەلی فەرەنسایە."

شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس روونیکردەوە، ئەگەر رووسیا بە توندوتیژی ئیرادەی خۆی بەسەر وڵاتێکی ئەورووپیدا بسەپێنێت، ئەوا هەموو ئەورووپا لاواز دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، پێنجشەممە و هەینیی رابردوو لە دوبلین، لە نۆیەمین لوتکەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپی و کۆبوونەوەی نافەرمیی ئەنجوومەنی ئەورووپا، ئۆکرانیا تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بووە و یەکێتیی ئەورووپا لەسەر دوو لەپێشینە رێککەوتووە.

ماکرۆن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "پێشینەی یەکەم بریتییە لە یارمەتیدانی ئۆکرانیا بۆ تێپەڕاندنی وەرزی زستان، چونکە ئۆکرانییەکان بە بوێرییەک بەرگری دەکەن کە جێگەی رێزە."

بە گوتەی سەرۆکی فەرەنسا، گفتوگۆکانی ئەم دواییە لەگەڵ نێردراوانی ئەمریکا ئەوەی روونیکردەوە، ڤلادیمێر پوتین نایەوێت دانوستان بکات. ماکڕۆن لەو بارەیەوە گوتی: "سوپاکەی پێشڕەوی ناکات، بەڵکو پاشەکشە دەکات و زیانی گەورەی بەرکەوتووە، بەڵام روونە کە دەیەوێت بە چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل و هەوڵدان بۆ بێبەشکردنی وڵاتەکە لە کارەبا لەم زستانەدا، ئۆکرانیا ناچار بە چۆکدادان بکات و ئەرکی ئێمەش ئەوەیە رێگری لەو پلانە بکەین."

سەرۆکی فەرەنسا جەختیکردەوە، پێویستە پشتیوانییە داراییەکان بەردەوام بن و یارمەتی ئۆکرانیا بدرێت بۆ پاراستنی خەڵک و وێستگەکان و تۆڕەکانی کارەبا. ماکڕۆن ئەوەی خستەڕوو، ئەو لایەنانەی دەیانەوێت سەرچاوەکانی ئۆکرانیا سنووردار بکەن، لە کۆتاییدا دەیانەوێت ئەو وڵاتە ناچار بە ئاشتییەکی نادادپەروەرانە بکەن و بە لاوازی بهێڵنەوە، کە ئەمەش بیرکردنەوەیەکی شکستخوازانەیە و رێچکەی جەنگێکی دیکەیە، کە ناکرێت هەڵوێستی فەرەنسا بێت.

سەبارەت بە لەپێشینەی دووەم، ماکڕۆن گوتی: "پێشینەی دووەمی ئێمە کارکردنە لەگەڵ ئۆکرانیا بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی، چونکە ئاسایشی کیشوەرەکەمان بەندە بەو ئاشتییەوە و دوێنێ هەینی لە ئەنجوومەنی ئەورووپا یەکێتیی خۆمانمان لەم بارەیەوە دووپاتکردەوە."

ماکرۆن رایگەیاند، لە لوتکەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپیدا بڕیارێک دراوە، بە دەسپێشخەریی فەرەنسا 42 وڵات رەزامەندییان لەسەر راگەیەندراوێک دەربڕیوە سەبارەت بەو بنەمایانەی کە دەبێت ئاسایشی ئەورووپا رێنمایی بکەن.

سەرۆکی فەرەنسا باسی لە ئامانجی کارەکانی "هاوپەیمانی ئارەزوومەندان" کرد کە سەرەتای ساڵی 2025 دەستیپێکردووە بۆ ئامادەکردنی گەرەنتیی ئاسایشی ئۆکرانیا، کە راگەیەندراوی پاریس بنەمای بۆ داناوە و بریتییە لە پشتیوانیکردنی سوپای ئۆکرانیا و ئامادەکاری بۆ هێزێکی فرەنەتەوەیی کە دەتوانێت دوای راگەیاندنی ئاگربەست جێگیر بکرێت. ماکڕۆن ئاشکرایکرد، مەشقێک لە پۆڵەندا لە ئارادایە بۆ ئەوەی پیشان بدرێت فەرەنسا و هاوپەیمانانی ئامادەن رۆڵی خۆیان بگێڕن و پێنجشەممەی داهاتوو لە بەرلین کۆدەبنەوە بۆ درێژەدان بەو کارانە.

ماکرۆن لە کۆتاییدا گوتی: "دەبێت ئێستا هەنگاوی زیاتر بنێین و بە روونی بڵێین بۆ قۆناخی دوای جەنگ چی دەمانەوێت. هەروەها دەبێت بە روونی دیاری بکەین بۆ ئاسایشی درێژخایەنی ئەورووپا چاوەڕێی چی لە ئەمریکا دەکەین. ئۆکرانیا کە خاوەنی گەورەترین سوپای ئاسایی ئەورووپایە، رۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە پاڵ ناتۆدا، کە ئەو شوێنەیە بە تەواوی لێی دەگونجێت."

سەرۆکی فەرەنسا جەختیکردەوە: "ئامانجمان روونە، دابینکردنی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و پتەو بۆ ئۆکرانیا و پاشان کارکردن لەگەڵ هەمووان بۆ بەهێزکردنی چوارچێوەیەکی ئاسایشی هاوبەش بۆ ئەورووپا، چونکە ئەمە ئەو رێگەیەیە کە بەهۆیەوە ئۆکرانییەکان، فەرەنسییەکان و هەموو ئەورووپییەکان لە ماوەی درێژخایەندا دەپارێزین."