دانی ئەلڤێس بەهۆی گرنگیدانی زۆر بە ئایینەکەی لە هاوسەرەکەی جیادەبێتەوە

جوانا سانز و دانی ئەلڤێس
جوانا سانز و دانی ئەلڤێس

پەیوەندی نێوان جوانا سانز و دانی ئەلڤێس کۆتایی پێهاتووە و دوای نزیکەی نۆ ساڵ لە هاوسەرگیری و هەبوونی کچێک، مۆدێلە ئیسپانیەکە و یاریزانەکەی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەڕازیل لە لێواری جیابوونەوەدان، بڕیارێک کە دەگووترێت بەهۆی ئەو ڕێبازە ئاینییەیە کە یاریزانەکەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا لە چەند مانگی ڕابردوودا گرتویەتیەبەر.

ئەم هەواڵە لەلایەن خاڤیێر هۆیۆس رۆژنامەنوسی ناودار لە ڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئاشکرا کراوە و ئەو رۆژنامەنوسە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو مۆدێلە تەمەن 34 ساڵە کردووە. دەگووترێت هۆکاری جیابوونەوەکە گرنگیدانێکی زۆری دانی ئەلڤێسی تەمەن 43 ساڵ بە ئایینی ئینجیلی و چالاکبوونی وەک قەشە و وتاربێژیە لە تۆرە جیهانیەکان. بە گووتەی ڕۆژنامەنووسەکە ئەم ڕووە نوێیەی ژیانی ئەلڤێس بووەتە هۆی دروستبوونی دووری لە نێوان ئەو و هاوسەرەکەی و کچەکەیان.

لەلایەکی دیکەوە جوانا سانز رایگەیاندووە هۆکاری جیابوونەوەیان بوونی بیروباوەڕی ئایینی نییە لە ژیانی هاوسەرەکەی و زۆریش ڕێزی لێدەگرێت، بەڵکو بابەتەکە ئەو چڕی و توندییەیە کە ئەلڤێس لەسەر ڕێبازی ڕۆحی خۆی گرتووەتەبەر و ئەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەی کە لەسەر ژیانی خێزانییەکەیان دروستی کردووە، پرسێک کە وای لێکردووە لە خاڵە جیاوازەکاندا هەست بە تەنیایی بکات.

پێشتریش پەیوەندی نێوان ئەو دوو هاوسەرە لە سەرەتای ساڵی 2023 ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەوە، کاتێک دانی ئەلڤێس بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنێکی گەنج لە یانەیێکی شەوانەی بارسێلۆنا دەستگیرکرا و ڕەوانەی زیندان کرا، تەنانەت ئەو مۆدێلە لە مانگی ئازاری 2023 نامەیەکی دەستنوسی بڵاوکردەوە و بڕیاری جیابوونەوەی ڕاگەیاند و نوسیبووی " خۆشم ویستووی و هەمیشە خۆشم دەوێیت". بەڵام لە کۆتاییدا گەڕایەوە و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەلڤێس ئاسایی کردەوە و بەردەوامیش لە پرۆسەی یاسایی پشتگیری لە یاریزانە بەڕازیلییەکەی کرد.