وردەکاریی پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان و نرخەکەی ئاشکرا کرا
ئەمڕۆ ئێوارە یان سبەی، پرۆسەی بارکردنی نەوتی سپی لە وێستگەی سووتەمەنی بەغدا بەرەو هەولێر دەست پێ دەکات و لەگەڵ گەیشتنیشیدا، پرۆسەی دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییاندا دەست پێ دەکات. نرخی هەر 100 لیترێک لەو نەوتە بە 31 هەزار دینار دیاریکراوە.
فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتی نەوت و کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند: مامەڵەی هەردوو کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت لە بەغدا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ ئێوارە کارەکانیان تەواو دەبێت و دەست بە بارکردن دەکەن. ئەگەر کارەکان ئەمڕۆ تەواو نەبن، ئەوا بەیانی زوو تەواو دەبن و پرۆسەی بارکردن لە وێستگەی سمود لە بەغدا دەست پێ دەکات.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاشکرایکرد، ئەگەر ئەمڕۆ ئێوارە نەوتی سپی لە بەغداوە بار بکرێت، درەنگانی شەو دەگاتە کۆگاکانی سووتەمەنی لە پارێزگای هەولێر و دهۆک. دوای بەتاڵکردنی تانکەرەکان، سبەی بە تانکەری بچووکتر نەوتەکە لە کۆگاکانەوە بار دەکرێتەوە و بەرەو ناوچە شاخاوییەکان دەنێردرێت.
فەلاح مەولوود گوتی: نرخی 100 لیتر نەوت بە 31 هەزار دینار دەبێت، کە ئەم نرخە تەنیا نرخی کڕینی نەوتەکە و کرێی گواستنەوەیەتی. حکوومەت یان هیچ کۆمپانیایەک هیچ قازانجێکیان لەو نرخەدا نییە و نەوتەکە راستەوخۆ بە نرخی تێچووەکەی دەدرێتەوە هاووڵاتییان.
لە قۆناخی یەکەمدا، بۆ هەر خێزانێکی ناوچە شاخاوییەکان بڕی 100 لیتر نەوتی سپی تەرخان دەکرێت و لە قۆناخی دووەمیشدا 100 لیتر نەوتی دیکەیان پێ دەدرێت.
بەڕێوەبەری گشتی نەوت و کانزاکان روونیکردەوە، پێشبینی دەکرێت حکوومەتی عێراق بێجگە لەو 50 ملیۆن لیترە، بڕی زیاتر بنێرێت. مەولوود باسی لەوە کرد: عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران پێی راگەیاندوون هەر داواکارییەکی هەرێمیان هەبێت جێبەجێی دەکەن. هەرێمی کوردستان داوای 269 ملیۆن لیتر نەوتی کردووە بۆ ئەوەی هەر خێزانێک یەک بەرمیل نەوتی 200 لیتری پێ بدرێت، بەڵام بەغدا لەم قۆناخەدا تەنیا 50 ملیۆن لیتر نەوتی ناردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕێکی دیکە بنێرێت.
سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی، فەلاح مەولوود روونیکردەوە کە لەم قۆناخەدا هیچ بڕە نەوتێک بۆ ئەو پارێزگایە ناچێت. ئەو بەرپرسە گوتی: دوو جار نووسراو بۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی کراوە، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە.
بە گوتەی بەرێوەبەری نەوت و کانزاکان، نووسراوەکان بۆ ئەوە بوون کە وەزارەت بۆ بەغدا دیاری بکات پارێزگای سلێمانی پێویستی بە چەند نەوت هەیە و کامی کۆمپانیا رێگەپێدراو دەبێت بۆ گواستنەوەی نەوتەکە لە بەغداوە بۆ سلێمانی. بەهۆی ئەوەی تا ئێستا سلێمانی وەڵامی ئەو نووسراوانەی نەداوەتەوە، لەم قۆناخەدا ناردنی نەوت بۆ ئەو پارێزگایە ناکرێت.