کوردستان24 وردەکاریی رەتکردنەوەی ئەمری وەلائی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بڵاودەکاتەوە

بەپێی دوو نووسراوی فەرمی، ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق داواکاریی یەکێتی و نەوەی نوێی بۆ دەرکردنی فەرمانسالاریی خێرا (ئەمری وەلائی) و راگرتنی بڕیارەکانی دانیشتنی 4ـی تشرینی دووەمی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە، کوردستان24ـیش دەقی هەردوو نووسراوەکەی دەستکەوتووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و ئامادەبوونی ئەندامانی دادگاکە، تاوتوێی دوو داواکاریی فەرمانسالاریی خێرای (ئەمری وەلائی) لەسەر دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان کرد و هەردووکیانی رەتکردەوە.

بەپێی دوو نووسراوی فەرمیی دادگای باڵای فیدراڵی، کە کوردستان24 وێنەی هەردوو نووسراوەکەی دەستکەوتووە، داواکاریی یەکەم بە ژمارە (263/فیدراڵی/فەرمانسالاری/2026) لەلایەن ئاسۆس عەلی ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دژی هەریەک لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرابوو. 

لە داواکارییەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، ئەمرێکی وەلائی  دەربکرێت بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی سەرجەم دەرئەنجام و بڕیارەکانی دانیشتنی 4ـی تشرینی دووەمی 2026ـی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو یەکلاکردنەوەی سکاڵای ژمارە (263/فیدراڵی/2026) تایبەت بە تانەدان لەو دانیشتنە و بڕیارەکان و ئەو پێکهاتانەی لێیەوە دروست بوون.

لە نووسراوی دووەمیشدا بە ژمارە (264/فیدراڵی/فەرمانسالاری/2026)، محەممەد سلێمان محەممەد وەک سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، داواکارییەکی لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردبوو. 

محەممەد سلێمان داوای کردبوو ئەمرێکی وەلائی بۆ راگرتنی کاریگەری، رێکار و بڕیارەکانی دانیشتنی 4ـی تشرینی دووەمی 2026ـی پەرلەمان دەربکرێت تاوەکو یەکلاکردنەوەی سکاڵای ژمارە (264/فیدراڵی/2026). هاوکات عەلی کامیل رەسووڵ وەک پارێزەر بریکاری هەردوو داواکارەکە بووە.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە بڕیارەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، دوای وردبینی و تاوتوێکردن دەرکەوتووە دەرکردنی ئەمری وەلائی بەپێی ماددەی 151ـی یاسای دادبینیی مەدەنیی ژمارە 83ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو، پێویستی بە بوونی دوو مەرج هەیە، ئەوانیش مەرجی بەپەلەیی و دەستنەبردنە بۆ بنەڕەتی ماف.

دادگاکە روونی کردەوە، هیچ کام لەو دوو مەرجە لە داواکارییەکانی هەردوو داواکارەکەدا بەدی نەهاتوون و بەم هۆیەوە شایانی رەتکردنەوەن. هەربۆیە دادگای باڵای فیدراڵی بە زۆرینەی دەنگ و وەک بڕیارێکی کۆتایی و یەکلاکەرەوە، بە پشتبەستن بە ماددەی 94ـی دەستووری ساڵی 2005ـی عێراق و بڕگەی دووەم لە ماددەی پێنجی یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی ژمارە 30ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو، بڕیاری دا هەردوو داواکارییەکە رەتبکاتەوە.

 

دەقی بڕیاری دادگا بۆ رەتکردنەوەی داواکاریی محەممەد سلێمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ
دەقی بڕیاری دادگا بۆ رەتکردنەوەی داواکاریی ئاسۆس عەلی ئەحمەد، پەرلەمانتاری یەکێتی

 

لە رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2026 و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دانیشتنی تەواوکاریی یەکەمی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو.

 لەو دانیشتنەدا بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئامادەبوو، دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرا و هەریەک لە ڤاڵا فەرید بە سەرۆکی پەرلەمان، رامی نووری بە جێگر و مونا قەهوەچی بە سکرتێری پەرلەمان دیاری کران؛ بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە دژی کاراکردنەوەی پەرلەمان بوون، لە رێگەی پەرلەمانتارێکی عێراق و سەرۆکی پێشووی تەمەنی پەرلەمانەوە دوو سکاڵایان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دژی کاراکردنەوەی پەرلەمان تۆمار کرد بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکە و دەرکردنی ئەمری وەلائی.

 بە رەتکردنەوەی ئەم دوو داواکارییە بەپەلەیە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، کار و بڕیارەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبن تاوەکو دادگا لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی لەسەر ناوەڕۆکی هەردوو سکاڵاکە دەدات.