سەعدوون کاکەیی "رێبوار و رێبوار"ی بڵاوکردەوە

سەعدوون کاکەیی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "رێبوار و رێبوار"، بۆ هونەرمەندی ناوداری کورد حەسەن زیرەک، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.

یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026، سەعدوون کاکەیی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو گۆرانییە لە هۆنراوە و ئاوازی حەسەن زیرەکە، لە ساڵی 1967 گوتویەتی، دابەشکردنی موزیک لەلایەن نزار زێوەیی بۆی کراوە و گرووپی موزیکی لور وەک گرووپ بەشداریان کردووە، دانەر کاری سۆلیستەکەی بۆ کردووە و تێکستی مەقامەکە لەلایەن سالار عوسمان دانراوە و عادل ئاکرەیی کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە و تەواوی کلیپەکەش لە هەولێر تۆمار کراوە."

کاکەیی باس لە گرنگیی بڵاوکردنەوەی ئەو گۆرانییە دەکات و دەڵێت، "گرنگیی ئەم بەرهەمە لەوەدایە کە گۆرانییەکی مێژوویی و میراتێکی بەهادارە لە گەنجینەی هونەری حەسەن زیرەک،  دوای نزیکەی شەش دەیە، جارێکی دیکە بە شێوەیەکی نوێ و بە ڤیدیۆکلیپ خستوومەتە بەردەم گوێگرانی کورد."

سەعدوون کاکەیی ئاماژەی بەوەش دا، "بڵاوکردنەوەی ئەم گۆرانییە هەوڵێکە بۆ زیندوو راگرتنی یاد و بەرهەمەکانی حەسەن زیرەک و گەیاندنی دەنگ و شێوازی موزیکی ئەو هونەرمەندە ناسراوە بە جیلی نوێ، هەروەها دەرفەتێکە بۆ دووبارە بیستنەوەی یەکێک لە بەرهەمە کۆن و بەنرخەکانی موزیکی کوردی."

سەعدوون کاکەیی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، خەڵکی خانەقینە. بەرهەمەکانی بە رەنگ و بۆنی میراتی موزیکی کوردی داپۆشراون و توانویەتی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ گوێگرانی خۆی دروست بکات. ئەو بە یەکێک لە پارێزەرانی گۆرانیی رەسەنی کوردی دادەنرێت و هێشتا بەردەوامە لە پێشکەشکردنی بەرهەمی نوێ و بەشداریکردنی لە چالاکییە هونەرییەکاندا.