سعوودیە دوو درۆنی حوسییەکانی لە ئاسمانی مەککە تێکشکاند

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە توانیویانە دوو درۆن لە ئاسمانی مەککە لە رۆژئاوای سعوودیە تێکبشکێنن، لەلایەن حووسییەکان لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوون.

یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوەی وەزارەتی بەرگری سعوودیە، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی سەرکەوتووانە درۆنەکانیان لە ئاسماندا تێکشکاندووە. سەرەڕای ئەوە، تا ئێستا هیچ وردەکارییەک لەبارەی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج یان قەبارەی زیانە گیانی و مادییەکانی هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە.

ئەم پەرەسەندنە لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان سعوودیە و حووسییەکان بەردەوامە. حوسییەکان پێشتر چەندین جار بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ژێرخان و ناوچە جیاوازەکانی خاکی سعوودیە، بەجۆرێک لە چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی هاوشێوە تۆمار کراون.

لە 11ـی ئەم مانگە، دەسەڵاتدارانی سعوودیە رایانگەیاندبوو، دوو درۆنی حووسییەکانیان لە ناوچەکانی مەککە و باشووری وڵاتەکە تێکشکاندووە. هاوکات لە 12ـی ئەم مانگە، رۆیتەرز بڵاویکردەوە، پاشماوەی دوو مووشەکی بالیستی لەلایەن سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە کرابوونە ئامانج، لە دوو شوێنی ناوچەی مەککە کەوتوونەتە خوارەوە.

لەلایەکی دیکەوە حووسییەکان چەندین جار رەتیان کردووەتەوە مەککە و مەدینەیان کردبێتە ئامانج. ئەوان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانیان تەنیا شوێنە سەربازی و ستراتیژییەکان دەکەنە ئامانج.

شەممەی رابردوو 14ـی ئەم مانگە، سعوودیە رایگەیاندبوو، دوو درۆنی دیکەیان تێکشکاندووە کە حووسییەکان بە ئاراستەی ناوچەکانی ریاز و باشووری وڵاتەکە ناردبوویان.

تێکچوونی دۆخی ئەمنی و نوێبوونەوەی هێرشەکان لەکاتێکدایە، ماوەی چەند ساڵێک بوو ئارامییەکی رێژەیی لە دوای ئاگربەستێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2022 بەرقەرار بوو. ئەم دۆخە نیگەرانییەکانی لەبارەی فراوانبوونی بازنەی ئاڵۆزییەکان و کاریگەریی زنجیرەییان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و هاتوچۆی دەریاوانی لە دەریای سوور زیاتر کردووە.