لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت میوانداریی وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری دەکات

لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ئەو لیژنە پەرلەمانییەی تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت،  بڕیارە سبەی دووشەممە میوانداریی هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری و سەرکردە ئەمنییەکانی بەرپرس لە پاراستنی بۆری و دامەزراوە نەوتییەکان بکات.

یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، تەها دیفاعی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی گوت: پەرلەمان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێک هێناوە کە نوێنەرانی حەفت لیژنەی پەرلەمانی لەخۆ دەگرێت بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت و، لیژنەکە ئەمڕۆ میوانداریی وەزیری نەوت و بریکارە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتەکەی کردووە.

دیفاعی ئاماژەی بەوەش دا، لیژنەکە کۆمەڵێک پرسیاری ئاراستەی بەرپرسانی وەزارەتی نەوت کردووە و گوێی لە وەڵامەکانیان لەبارەی دۆسیەکەوە گرتووە، هەروەها لیژنەکە سبەی دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، میوانداریی هەریەک لە وەزیری ناوخۆ، وەزیری بەرگری، نوێنەرانی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و فەرماندەیی پۆلیسی وزە، وێڕای لایەنە ئەمنییەکانی بەرپرس لە پاراستنی بۆری و دامەزراوە نەوتییەکان دەکات.

سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی دووپاتی کردەوە، لیژنەکە بەردەوامە لە گوێگرتن لە لایەنە تایبەتمەندەکان و تەواوکردنی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڵاڵەکردنی راسپاردەکانی و بەرزکردنەوەیان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی دابوو سەرجەم ئەو تۆمەتبارانەی لە پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورفوسەخری سەر بە پارێزگای بابل تێوەگلاون رەوانەی دادگا بکرێن، هەروەها بڕیاری ئەوەشی دابوو، نۆ بەرپرسی ئەمنی و کارگێڕی لە پۆستەکانیان دوور بخرێنەوە؛ ئەم بڕیارانەش لەسەر بنەمای ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە هاتن کە راستیی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان لەبارەی بوونی بەقاچاخبردن، پاڵاوگەی نەوتی و حاڵەتەکانی دەستکاریکردن و یاریکردن لە دۆسیەکەدا سەلماندبوو.

هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بە فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنەکان، پۆلیس و بەڕێوەبەرانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان کردووە کە بەرپرسیارێتیی تەواو هەڵبگرن لە بەرامبەر هەر پرۆسەیەکی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری بەرپرسیارێتییاندا و، ڕێکارە چاودێری و ئەمنییەکان توندتر بکەن بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی و لێپێچینەوە لە کەمتەرخەمان.