ترەمپ فشار لە کۆنگرێس دەکات بودجەی سیستەمی چاودێریی ئاسمانی پەسەند بکات

 سەرۆکی ئەمریکا داوای لە کۆنگرێس کردووە بودجەی پێویست بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی چاودێریی جموجووڵی ئاسمانی تەرخان بکات و جەختیکردووەتەوە، پێویستە تێچووی پڕۆژەکە بە یەکجار دابین بکرێت.

 یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، پەسەندکردنی ئەو بودجەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کارەکانی پەرەپێدانی سیستەمەکە بە خێرایی و کارایی بەڕێوەبچن. ترەمپ دووپاتیکردەوە، ئەمریکا توانای ئەوەی هەیە باشترین سیستەمی چاودێریی جموجووڵی ئاسمانی لە جیهاندا هەبێت.

ترەمپ لەبارەی پێویستیی بودجەکە گوتی: "ئەگەر کۆنگرێس ئەو پارەیەی بۆ چاودێریی جموجووڵی ئاسمانی پەسەند بکات کە پێویستمان پێیەتی، ئەوا دەتوانین سیستەمەکە بە خێرایی و کارایی دروست بکەین".

سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە کۆنیی بەشێک لە ژێرخانی ئێستای بەڕێوەبردنی جموجووڵی ئاسمانی گرت و رایگەیاند، تەمەنی بەشێکی زۆری پێکهاتەکانی سیستەمەکە دەگاتە 50 ساڵ. هاوکات ترەمپ ئەو دۆخەی بە شێوازێکی لاواز ناوبرد و ئەوەشی بە ئاماژەیەک بۆ بەردەوامبوونی پشتبەستن بە کەرەستەی کۆن لە کەرتێکدا زانی کە پێویستی بە ئاستێکی بەرز لە وردبینی و کارایی هەیە.

هەروەها ترەمپ روونیکردەوە، کاری نوێکردنەوەی سیستەمەکە دەستیپێکردووە، بەڵام جەختیکردووەتەوە، تەواوکردنی پڕۆژەکە پێویستی بە دابینکردنی بودجەی پێویست بە شێوەیەکی تەواو و یەکپارچە هەیە. هاوکات گوتیشی: "کارەکەمان دەستپێکردووە، بەڵام دەبێت بە یەکجار بکرێت، نەک بە قۆناخی پچڕپچڕ".

لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای بە بەرپرسیار زانی لە دواکەوتنی نوێکردنەوەی سیستەمی چاودێریی جموجووڵی ئاسمانی. سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا هیچ وردەکارییەکی لەبارەی قەبارەی ئەو بودجەیەی داوای دەکات یان خشتەی کاتیی تەواوکردنی کارەکانی پەرەپێدان پێشکەش نەکرد و روونی نەکردەوە چ جۆرە پڕۆژەیەک دەستپێکراوە یان چ قۆناخێک بۆ نوێکردنەوەی سیستەمەکە ماوەتەوە.

سیستەمەکانی چاودێریی جموجووڵی ئاسمانی، ئەو کەرەستە و تەکنەلۆژیایانە دەگرێتەوە کە چاودێرەکان بۆ رێکخستنی جموجووڵی فڕۆکەکان بەکاریان دەهێنن. ئەم سیستەمانە فڕۆکەکان لە کاتی گەشتەکان و پرۆسەی فڕین و نیشتنەوەدا ئاراستە دەکەن بۆ ئەوەی پاراستنی مەودای سەلامەت لە نێوانیاندا مسۆگەر بکرێت.

لێدوانەکانی ترەمپ لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ ناچارکردنی کۆنگرێس دێت تا بودجەیەکی گشتگیر بۆ پڕۆژەکە پەسەند بکات. ئەم داواکارییە دوای ئەوە دێت کە هەینیی رابردوو، هەزاران گەشتی ئاسمانی بەهۆی فەرمانێکی ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی بۆ راگرتنی گەشتەکان لە سەرتاسەری وڵاتەکە بەهۆی کێشە لە پەیوەندییەکانی چاودێریی جموجووڵی ئاسمانی تووشی وەستان و دواکەوتن بوون.

ئەو رووداوە درێژترین وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان بوو لە سەرتاسەری ئەمریکا لە دوای هێرشەکانی 11ـی ئەیلوولی 2001 و وەک یەکێک لە رۆژە سەختەکان کەرتی گەشتیاری لە مێژووی ئەمریکادا هەژمار دەکرێت.